رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە پیاوێک بەرزی پردێکی سەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر دەپێوێت و پێچەوانەی تابلۆی سەر پردەکە، 83 سانتیمەتر نزمتربووە. هاتووچۆی هەولێریش رایگەیاند، هەڵەی کۆمپانیای ئاکنجلەرە، بەڵام ئەو کۆمپانیایە رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، "پەیوەندیمان بە دیزاینکردنی رێگەکەوە نییە".
لە روونکردنەوەیەکدا کۆمپانیای ئاکنجلەر کە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە ئاماژە بەوە دەکات، دیزاینی پرۆژەی 120 مەتری کە ئەو پردەیشی لەنێودایە لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاریی نێودەوڵەتیی کۆریا تەواوکراوە لە ساڵی 2006 رادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کراوە. ئەوانیش لە ساڵی 2010 بەشێوەی تەندەر پرۆژەکەیان بۆ دەرچووە.
بەپێی روونکردنەوەی کۆمپانیا تورکییەکە، ئەو پردە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکەوە بە رەچاوکردنی بارودۆخی "جیۆگرافی" و بەمەبەستی پاراستنی ئەو ناوچەیە لە گلدانەوەی ئاو و زیانەکانی لافاو، هەروەها بۆ بەکارهێنانی لەلایەن پیادە و ئاژەڵەوە دیزاینکراوە و قەبارەکەی 4.5 مەتر بە 4.5 مەترە.
بەپێی ئەو دیزاینە، کۆمپانیا تورکییەکە دەڵێت، دەبوو ئەو پردە "تەنیا بە ئەستووریی چوار سانتیمەتر" قیرتاو بکرایە. ئەوەش بۆ "پارێزگاریکردن لە شەقامەکە".
ئەوکات هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەی لەبارەی ڤیدیۆکەدا، تێیدا هاتبوو، "هاووڵاتییەک لەژێر پردەکە پێوانە بۆ پردەکە دەکات کە 4 مەتر و 17 سانتیمەترە، کە ستانداردی ژێر پردەکانی شەقامی 120 مەتریی 5 مەتر دانراون. لە بەدواداچوونی ئێمە بۆ بابەتەکە دەرچوو ڤیدیۆکە تەواوە، ئەو کەموکوڕییەی هەیە لەو شوێنە لە ئەستۆی کۆمپانیا تورکییەکەیە کە بەبێ تەواوکردنی پرۆژەکە جێیهێشت لەدواییش کۆمپانیای هێمن گرووپ کارەکانی تەواوکرد، ئەوانیش لەکاتی دانانی هێماکانی هاتووچۆ بەهەمان ستانداردی خۆیان دایاننابوو، کە پێنج مەترە بێ ئەوەی پێوانەی بکەن، ئێستا ئەو هەڵەیە لەلایەن هێمن گرووپەوە چاککرایەوە".
کۆمپانیای ئاکنجلەر هەڵەکە دەخاتە ئەستۆی هێمن گرووپ و ئاماژە بەوە دەکات، "بەبێ وردبینی لە دیزاینی پرۆژەکە و رەچاوکردنی هەبوونی لافاو، "33 سانتیمەتر نێو پردەکەیان قیرتاوکردووە". بەوپێیە بەرزیی پردەکە کە دەبوو چوار مەتر و 46 سانتیمەتر بووایە، بەڵام چوار مەتر و 17 سانتیمەتری ماوەتەوە.
کۆمپانیا تورکییەکە دەڵێت، هێمن گرووپ دەبوو لە تابلۆی پردەکە، بەرزییەکەی بە چوار مەتر دیاریبکرایە نەوەک پێنج مەتر. هاوکات "هەموو ئەو هەڵە هونەرییانەی دواتر ئەنجامدراون لە تەواوکردنی پردەکە، هێمن گرووپ لێیان بەرپرسە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ