رووداو دیجیتاڵ
دۆخی تەندروستیی خەلیل قەدشی، هونەرمەندی دیاری بواری کۆمیدیا لە پارێزگای دهۆک، تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
خەلیل قەدشی، هونەرمەندی دیاری بواری کۆمیدیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەیانی کاتێک لە خەو هەستام تەندروستیم باش نەبوو و لەشم بەردەوام ئارەقی دەکردەوە و تووشی هەناسەتەنگی بووم و تا و لەرزیشم هەبوو."
رێبەر مەحموود، زاوای خەلیل قەدشی، بە رووداوی گوت، "کاژێر 10:00ی بەیانی قەدشییان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئامێدی. دوای پشکنین بۆی، دکتۆر پێیڕاگەیاندین کە تەندروستیی باش نییە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆکی کرد."
بە گوتەی دکتۆر رامان بێهان، دکتۆری نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، سەرەتا رەوشی تەندروستیی خەلیل قەدشی باش نەبووە، بەڵام دوای پشکنین و پێدانی دەرمان ئێستا تەندروستیی جێگیرە و بەرەو باشتر دەڕوات، ئەگەر وا بەردەوام بێت تا چەند کاژێرێکی دیکە نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت.
خەلیل قەدشی ئاماژەی بەوە دا کە نەخۆشیی شەکرە و بەرزیی پەستانی خوێنی هەیە و پێشتریش بۆ چارەسەر سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەرویج، سوێد و تورکیای کردووە.
خەلیل قەدشی یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی بواری کۆمیدیا لە دهۆک. لە ساڵی 1957 لە کۆمەڵگەی قەدشی سەر بە ئامێدی لەدایکبووە و ساڵی 1992 دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی دەیان بەرهەمە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ