رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان دەست بەسەر چوار تانکەر سووتەمەنیی قاچاخ و دوو بارهەڵگر برنجدا گیرا. جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکان شەش کەس دەستگیر کراون.
فەرهاد ئەبداڵ چێگینی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوێنێ پێجشەممە 12-02-2026، لە چوارچێوەی نەهێشتنی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی، لە رێگەی خوڕەم زاڵ (دووسایدی نێوان خوڕەمئاوا و ئەندیمێشک) دەستیان بەسەر 100 هەزار لیتر مازۆتی قاچاخدا گرتووە.
بەگوتەی فەرهاد ئەبداڵ چێگینی، سووتەمەنییە قاچاخەکە بە چوار تانکەر لە ئەندیمێشکی پارێزگای خوزستانەوە بەرەو خوڕەمئاوا دەبرا کە لەلایەن پۆلیسەوە راگیراون و چوار کەسیش پەیوەست بە دۆسیەکە دەستگیر کراون.
وەک جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی لوڕستان دەڵێت، بەهای سووتەمەنییە قاچاخەکە دەگاتە 10 ملیار تمەن (زیاتر لە 61 هەزار دۆلار.)
فەرهاد ئەبداڵ چێگینی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر دوێنێ لە نزیک خوڕەمئاوا دەستیان بەسەر دوو بارهەڵگردا گرتووە کە نزیکەی 50 تۆن برنجی قاچاخیان تێدا بووە.
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە بەهای برنجەکانی زیاتر لە 61 هەزار دۆلار راگەیاند و گوتیشی، شۆفێری هەردوو بارهەڵگرەکان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لە دۆسیەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ