رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە دوورگەی ئیمراڵییەوە پەیامێکی نوێی ئاراستەی رای گشتیی تورکیا کرد و رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری نابێت و قۆناخی ئێستا "گواستنەوەیە بەرەو ئاشتی". ئۆجەلان ستایشی گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلیشی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-04-2026، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئاماژەی بە دوایین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و رایگەیاند، ئۆجەلان بایەخێکی زۆر بە گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەدات. بوڵدان گوتی: "ئۆجەلان بەهۆی هەنگاوە نوێیەکانی باخچەلییەوە، پێگەیەکی تایبەتی بۆ داناوە. ئەو بەرز دەینرخێنێت کە باخچەلی لە داواکاریی سێدارەوە گەیشتووەتە ئەم هەڵوێستەی ئێستا."
بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆجەلان لە هەمان کاتدا مافی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش دەدات و وەک لایەنێکی سەرەکی و بڕیاردەری پرۆسەکە سەیری دەکات.
سەبارەت بە خەباتی چەکداریش ، پەروین بوڵدان گوتی: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە روونی رایگەیاندووە گەڕانەوە بۆ خەباتی چەکداری نابێت. ئەو قۆناخەی تێیداین، قۆناخی گواستنەوەیە بەرەو ئاشتی لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراسیدا."
ئۆجەلان پێیوایە، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری نەک هەر کێشەی کورد چارەسەر دەکات، بەڵکو "کۆماری تورکیا لە جاران بەهێزتر دەکات."
دەوڵەت باخچەلی کە ساڵانێکی زۆر دوژمنی سەرسەختی هەر جۆرە گفتوگۆیەک بوو لەگەڵ ئۆجەلان و چەندین جار داوای لە سێدارەدانی کردبوو، ئێستا پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕیوە و رایگەیاندووە کە پرۆسەکە هەنگاوێکی دروستە و "پێویست بە کات کوشتن ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ