رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییان بڕیاری دا ئەم ساڵ هیچ مەراسیمێکی فەرمیی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان لە پەرستگای لالش نەکرێت. بڕیارەکەش بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە دراوە.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، خالید نەرمۆ، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدییان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهۆی بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمساڵ هیچ رێوڕەسمێکی جەژنی سەری ساڵ لە پەرستگای لالش ناکرێت."
راوێژکارەکەی ئەنجوومەنی رۆحانی گوتی، "ساڵانە لەم یادەدا نزیکەی 30 هەزار کەس لە پەرستگای لالش کۆدەبوونەوە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ کە یادەکە دەكەوێتە 15ی نیسان، هیچ کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک لە لالش نابێت. خەڵک دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیاندا رێوڕەسمی جەژن بەڕێوەببەن."
جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان بە (چوارشەممەی سوور) نووسراوە، دەکەوێتە سێیەم چوارشەممەی مانگی نیسان. لە ئێوارەی سێشەممەوە بابەشێخ و پیاوانی ئێزدی لە لالش کۆدەبنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ رۆژەکانی ساڵ 366 مۆم لە نێو پەرستگەی لالش دادەگیرسێنن.
بەشێک لە ئێزدییەکان لەو رۆژەدا سەردانی گۆرستانەکان دەکەن، لە ماڵەکاندا جۆرە نانێک دروست دەکرێت، کە پێیدەگوترێت "سەوک"، دواتر نانەکە دەبەشنەوە، جگە لەوەش هێلکە رەنگ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ