رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکان، شەپۆلێکی بارانبارین و برووسکە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش دادەبەزێت.
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، بەپێی راگەیەندراوی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەوردا دەبێت. لە ناوچە شاخاوییەکان نمە بارانی کەم دەبارێت، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری خۆرهەڵات ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم هەیە.
کەشناسی دەڵێ، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، کاریگەریی دابارین فراوان دەبێت و دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و برووسکە. ئەگەری تەرزەبارین لە زۆربەی ناوچەکان هەیە، بە سەنتەری شارەکانیشەوە بەتایبەتی شاری هەولێر و ناوچە دەشتاییەکان.
هەر ئەمڕۆ پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ (3 بۆ 5) پلە دادەبەزێت، بەڵام بۆ کاتەکانی شەو ئاسمان سەقامگیر دەبێتەوە و بۆ پەڵەهەور دەگۆڕێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسی گوتی، پێشبینی دەکرێت ئاسمان بە گشتی پەڵەهەور بێت. پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە (1 بۆ 3 پلە) و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.
هاوکات ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند: "کەشوهەوا لە سبەیەوە تاوەکو رادەیەک بەرەو جێگیربوون دەچێت. پلەی گەرما ئەمڕۆ نزمبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینی، بەڵام لە سبەینێوە روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت؛ تەنیا حاڵەتی بارانبارینی بەهارە دەمێنێتەوە."
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی؛
هەولێر: 17
سلێمانی: 15
دهۆک: 14
هەڵەبجە: 16
گەرمیان: 21
زاخۆ: 14
سۆران: 14
پیرمام: 15
چەمچەماڵ: 17
حاجی ئۆمەران: 7
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ