لە سێرت دوای 64 رۆژ تەرمی پەرستارێک دەدۆزرێتەوە

13-08-2022
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو-هەولێر

ئەو پەرستارەی رۆژی 11-6-2022 لە چەمی میکس لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان کەوتە نێو چەمەکە و بێسەروشوێن بوو، ئەمڕۆ شەممە 13-8-2022 بە خنکاوی دۆزرایەوە.
 
تەرمی پەرستار ئەیوب گونەش، لە لایەن تیمێکی تایبەتەوە لە ناوچەی بەرواری دۆزرایەوە کە 130 کەس بە هاوکاریی چەند تیمێکی پۆلیس، بەردەوام بوون لە گەڕان. ئەو گەڕان و پشکنینە لە پارێزگاکانی وان، خارپێت و سێرت تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو.  تەرمی ئەو پەرستارە لە ناوچەیەک کە هەزار و 500 مەتر لە شوێنی رووداوەکەوە دوور بوو، دۆزرایەوە.
 
تەرمەکە بەمەبەستی توێکاری و لێکۆڵینەوە، رەوانەی پزیشکی دادوەریی نەخۆشخانەی فێرکاریی سێرت کرا. دواتریش رادەستی خانەوادەکەی کرا.
 
ئەیوب گونەش رۆژی 11-6-2022 لەگەڵ کارمەندانی کەرتی تەندروستی گەشتێکیان بەرەو ناوچەیەکی گەشتیاریی نزیک گوندی بێدار کرد کە دەکەوێتە ناوچەی بەرواری. لەوکاتەدا یەکێک لە پەرستارەکان بەناوی حالیمە تیمورداش دەکەوێتە نێو چەمەکە، ئەیوب گونەش بە مەبەستی رزگارکردنی هاوکارەکەی خۆی هەڵدەداتە نێو چەمەکە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت لە رزگارکردنی حالیمە و خۆشی دەکەوێتە بەر شەپۆلی چەمەکە. لە ئەنجامدا هەردوو پەرستارەکە گیانیان لەدەستدا. هەرچەندە حالیمە ئەوکاتە دەرهێنرا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی، گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی ئامارێک کە رۆژی 28-7-2022 لە میدیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی تەممووز، 476 رووداوی کەوتنە ئاوی چەم و رووبارەکان روویانداوە؛ لە ئاکامدا 244 کەس گیانیان لەدەستداوە و 287 کەسیش رزگارکراون.   
 
وەزارەتی نێوخۆی تورکیا گشتاندنێکی لە 81 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هۆشداری دەداتە خەڵک و باس لە بەهێزترکردنی تیمەکانی فراگوزاریی شوێنە گەشتیارییەکان دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە