دوای لافاوەکەی بازیان؛ تائێستا چارەنووسی ئەندازیارەکە نادیارە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو لافاوەی باشووری کوردستانی گرتەوە و چڕییەکەی قەزاکانی چەمچەماڵ و بازیان بوو، ئەندازیارێک لە بازیان بێسەروشوێن بوو، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بۆ دۆزینەوەی گەڕانەکانیان چڕتر کردووەتەوە.
 
لافاوەکە 09ـی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی دروستبوو، لە قەزای بازیان ئەندازیارێکی بە رەچەڵەک عەرەب بەناوی ئەحمەد حامید بێسەروشوێن بوو، جگە لە مۆبایل و ئێلەگەکەی، هیچ سەرەداوێکی لێ نەدۆزراوەتەوە.
 
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی بازیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە چەندین شێوە گەڕانمان بۆ چارەنووسی ئەندازیارەکە کردووە، تێیدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بە سەگی پۆلیسی و درۆنی تایبەتەوە بۆی گەڕاون، هەروەها پۆلیس، دوو لیوای پێشمەرگە، بەرگری شارستانی بەهێلیکۆپتەر، تیمەکانی ژێر ئاو و خۆبەخشان گەڕاون و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە".
 
قایمقامی بازیان ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو کابینەیەی شوێنی مانەوەی ئەندازیارەکە بووە تێکشکاوە و تەنیا پارچەکانی ماون، لافاوەکە هێندە بەهێز بووە کۆنتێنەری 10 تۆنی تێکشکاندووە، بۆیە گومان لە ئاوبردنی ئەندازیارەکە دەکەین".
 
ئیسماعیل ئەحمەد دەڵێ: "ئێمە گەڕانمان بەردەوام دەبێت، هەروەها گەڕان لە سنووری ناحیەکانی سەنگاو و قادرکەرەم بۆ دۆزینەوەی ئەندازیارەکە دەستیپێکردووە و بەردەوامە".
 
لەبارەی هەبوونی کامێرای چاودێری لەو جێگەیەی ئەندازیارەکەی لێ بووە قایمقامی بازیان گوتی: "ئەو ڤیدیۆیانەی بەردەستن جگە لە لافاوێکی بەهێز هیچ دەرناکەوێ، ئەوەی لەسەر زەوی بێ گەڕاوین و هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە".
 
ئەحمەد ئیسماعیل گوتی: "تەنیا گومانێک مابێ ئەوەیە کە ئەگەر لافاو بردبێتی کەوتبێتە ژێر لم و لیتەوە، دەنا هەموو جێگەیەک گەڕاوین و هەوڵەکانیش بەردەوام دەبن".
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری (ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان)، بەهۆی لافاوەکەی باشووری کوردستانەوە پێنج کەس خنکاون و 19 کەسیش بریندار بوون. هەروەها 394 هەزار و 900 سەر ئاژەڵ، ماسی و پەلەوەر لەنێوچوون و 2 هەزار و 225 ماڵ، 202 ئۆتۆمبێل، 215 دووکان و شوێنکار و 534 پڕۆژەش زیانیان بەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین: سەرجەم یەکەمەکان بۆ خوێندنی باڵا دەنێردرێنە ئیتاڵیا

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، یەکەمەکانی زانکۆکەیان لە ساڵی خوێندنی پێشوو دەتوانن داوای بۆ خوێندنی ماستەر لە ئیتاڵیا پێشکەش بکەن. بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت: "تێچووی خوێندنەکە لەسەر زانکۆکەمان دەبێت".