ئاماری زیانەکان لە باشووری کوردستان؛ 5 مردن و 19 بریندار و زیان بە 2600 ماڵ تۆمار کراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە راگەیێندراوێکدا ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، لە باشووری کوردستان پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسیش بریندار بوو، هەروەها 2626 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئامارەی پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆکی تێدایە ئاماژە بەوەکراوە، 2 هەزار و 225 ماڵ زیانیان بەرکەوتوە، 394 هەزار و 900 ئاژەڵ و ماسی لەنێوچوون، زیاتر لە 215 دووکان و 107 باخ کە خانووشیان تێدابوو زیانیان بەرکەوتووە، بە هەمان هۆکار 534 پڕۆژە زیانیان بەکردووەتەوە.
 
زیانەکانی لافاو بەگوێرەی پارێزگاکان
 
لە راگەیێندراوێکدا (ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان) رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە لە پارێزگای سلێمانی "دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ، 12 کەس برینداربوون".
 
لەبارەی زیانە مادییەکانی سنوورەکەوە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەزار و 607 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، 15 هەزار جووچک مرداربوون؛ 200 ئۆتۆمبێل و 115 دووکان و شوێنکار، هەروەها 450 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە".
 
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدایە، بەهۆی لافاوەوە 1 گیانلەدەستدان تۆمار کراوە. ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان رایگەیاندووە: "150 ماڵ و زیاتر لە 100 دووکان و شوێنکار لە گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە".
 
دوای پارێزگای سلێمانی کە چەمچەماڵ و دەوروبەری و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی گرتەوە، کەرکووک زیاترین زیانی هەبووە. لە راپۆرتەکەدا ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لە کەرکووک دوو گیانلەدەستدان و یەک بریندار تۆمار کراوە.
 
ناوەندەکە دەڵێت: "لە سنووری کەرکووک 435 ماڵ و 5 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە".
 
لەبارەی پارێزگای هەولێرەوە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێ: "شەش کەس برینداربوون و زیان بە 20 ماڵ گەیشتووە، 397 هەزار و 900 ماسی لەنێوچوون، هاوکات 107 باخ و ماڵەباخ و 78 پڕۆژە زیانیان بەرکەوتووە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، زۆریی رێژەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاو زیانی بە پارێزگای هەڵەبجەش گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی لە پارێزگای دهۆک نەبووە.
 
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێت: "لە هەڵەبجە زیان بە چوار ماڵ کەوتووە و زیانی گیانی نییە".
 
لەبارەی ناوچەکانی دیکەوە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێت: "لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 4 ماڵ و لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 5 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیان تۆمار نەکراوە".
 
بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینەوە کە 07ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و 09ـی مانگ چەقەکەی بوو و بەهۆیەوە لافاو لە بەشێکی باشووری کوردستان دروستبوو، زیانلێکەوتووترین ناوچە بەهۆی لافاوەکەوە قەزای چەمچەماڵ بوو لە پارێزگای سلێمانی.
 
لە چەمچەماڵ تاوەکو ئەمڕۆ دەوامکردن لە فەرمانگە و قوتابخانەکان دەستی پێ نەکردووەتەوە. عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارماندا بە درێژکردنەوەی پشووی قوتابخانەکان، چونکە دۆخی شارەکە و زیانەکان هی ئەوە نین دەوام دەستپێبکاتەوە".
 
یەکێکی دیکە لەو شوێنانەی چەمچەماڵ زیانی بەرکەوت تۆڕەکانی ئاو بوو. بابە رەسوول غەفوور، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ رووداوی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "زۆرینەی کێشەکانی دابەشکردنی ئاو چارەسەرکراون و دابەشکردن دەستیپێکردووەتەوە".
 
زیانەکانی لافاو لە باشووری کوردستان:
 
پارێزگای هەولێر
0 مردن
6 برینداربوون
20 ماڵ 
397900 ماسی لەنێوچوون
 2 ئۆتۆمبێل
0 دووکان و شوێنکار
107 باخ و خانەباخ
78 پرۆژە
 
پارێزگای سلێمانی
2 مردن
12 بریندار
1607 ماڵ زیانی بەرکەوتووە
15000 جووجەڵە مرداربوون
200 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە
115 دووکان و شوێنکار
450 پرۆژە
 
پاریزگای دهۆک
لافاو هیچ زیانێکی نەبووە
 
پارێزگای هەڵەبجە
زیان بەر 4 ماڵ کەوتووە
 
پارێزگای کەرکووک
2 مردن
1 بریندار
435 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە
5 پرۆژە زیانیان بەرکەوتووە
 
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان
1 مردن
0 بریندار
150 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە
100+ دووکان و شوێنکار 
 
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 
لافاو هیچ زیانێکی نەبووە
 
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
زیان بەر 4 ماڵ کەوتووە
 
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین
زیان بەر 5 ماڵ کەوتووە
 
کۆی گشتیی زیانەکان: 
5 مردن
19 بریندار
2225 ماڵ 
394900 سەر ئاژەڵ و ماسی 
202+ ئۆتۆمبێل 
215+ دووکان و شوێنکار
107 باخ و خانەباخ
534+ پرۆژە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە