كوژرانی خاڵۆزا و پوورزاكەی قەڵادزێ تاوانی شەرەف بووە

14-01-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن قەڵادزێ
A+ A-

رووداو-قەڵادزێ‌

ئەو ژن و پیاوەی هەفتەی رابردوو لە قەڵادزێ‌ كوژران، خاڵۆزا و پوورزای یەكدین، كەسوكاری هەردوولا ئامادە نەبوون تەرمەكانیان وەربگرنەوە و پرسەیان بۆ دابنێن. بۆیە كەسێكی خێرخواز تەرمەكانی لە پزیشكی داد وەرگرتنەوە و ناشتنی. دوای رووداوەكەش برایەكی ژنەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد.


رۆژی 6/1/2019 لە گەڕەكی ئیمام قاسمی شارۆچكەی قەڵادزێ‌، ژنێكی تەمەن 27 ساڵان بەناوی (پ.ئا.ع) كە دایكی دوو منداڵ بوو، لەگەڵ پیاوێكی تەمەن 34 ساڵ بەناوی (س.م.ئا) كە دانیشتووی هەولێر بوو، پێكەوە كوژران. 

بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، ئەو ژن و پیاوە خاڵۆزا و پوورزای یەكدین و هەردووكیشیان بە گوللەی دەمانچە كوژراون. (رووداو) زۆر هەوڵیدا قسەی كەسوكاری هەردوولا لەسەر رووداوەكە وەربگرێ‌، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لەبارەی رووداوەكە بڵێن.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە رووداوەكە ئاگادار كراینەوە كە ژن و پیاوێك لە گەڕەكی ئیمام قاسمی قەڵادزێ‌ كوژراون، پۆلیس چووە شوێنی رووداوەكە و دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد، دەركەوت ژنەكە و پیاوەكە بە گوللەی دەمانچە كوژراون".

هێشتا بۆ پۆلیس روون نەبووەتەوە ئەو ژن و پیاوە لەسەرچی كوژراون، كەسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە. بەڵام رائید شۆڕش دەڵێت :"چوار رۆژ دوای رووداوەكە برایەكی ئافرەتەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ كراوەتەوە، هەرچەندە دەڵێت دەستی لە تاوانەكەدا نییە و بەڵگەشی هەیە كە لە كاتی رووداوەكە لە دەوام بووە، ئێستاش دەڵێت هەر كەسێك دەستی لەو تاوانەدا هەبووبێ‌ سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات".

هەر لەوبارەوە عوسمان محەممەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ‌ سەبارەت بە رووداوەكە رایگەیاند "سەعات پێنج و نیوی ئێوارەی رۆژی 6/1/2019  تەرمی ئەو ژن و پیاوە هێنرانە بەشی پزیشكی دادی نەخۆشخانەكەمان، دوای پشكنین دەركەوت یەك سەعات بەرلەوەی بهێنرێن بۆ نەخۆشخانە، كوژرابوون".

 گوتیشی: "بەپێی پشكنینی تەرمەكان، ئەو ژن و پیاوە لە نزیكەوە بە دەمانچە تەقەیان لێكراوە و كوژراون، پیاوەكە گوللەیەك لە نێوچەوانی درابوو، بەڵام ژنەكە لە گوللەیەك زیاتر بەر مل و شوێنی دیكەی كەوتبوون".

تەرمەكان دواتر نێردران بۆ پەیمانگەی دادپزیشكی سلێمانی. عوسمان محەممەد دەڵێت "بۆ ئەوەی لەوێ‌ پشكنینی بەكارهێنانی كحول و ماددەی هۆشبەر و كاری سێكسیان بۆ بكرێ‌، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی پشكنینەكانی سلێمانیمان بۆ نەهاتووەتەوە".

دراوسێیەكی ماڵی ژنەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، باسی رۆژی رووداوەكە دەكات و دەڵێت :"ئەو ژنە سێ‌ ساڵە لە كۆڵانەكەمانە، كەس گلەیی لێی نەبووە، زۆریش تێكەڵی دراوسێكان نەدەبوو، تەنیا خزمەكانی هاتوچۆیان دەكرد، لە گەڕەك باسی ئەو پیاوەی كردبوو كە لەگەڵی كوژرا، گوتبووی برامە و پێكەوە شیرمان خواردووە. هەندێكجار بە هەفتە لە ماڵیان دەمایەوە. مێردی ژنەكەش كەسێكی زۆر فەقیرە، لە كاتی رووداوەكە لە دەوام بووە.

ئەو دراوسێیەیان گوتیشی: "لە ناكاو لە كۆڵان بوو بە دەنگە دەنگ، گوتیان پۆلیس و ئاسایش دوو تەرم لە ماڵەكە دەباتە دەرەوە، تا درەنگ كەس نەیزانی ئەو ژن و پیاوە پێكەوە كوژراون. تا ئێستا دیاریش نییە كێ كوشتوونی".

دوای رووداوەكە كەسوكاری ژن و پیاوەكە ئامادە نەبوون تەرمەكان وەربگرنەوە و لەلایەن خەڵكەوە نێژران، پرسەشیان بۆ دانەنان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت :"پێشتر خوشكێكی ئەو ژنە بە پاساوی پاراستنی شەرەف كوژراوە. ئەو رووداوەش پاساوەكەی هەر شەرەفە. ئەو كوڕە كە كوڕە خاڵی ژنەكە بووە، لەگەڵ ژنەكە زۆر تێكەڵ بووە".

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە "كوشتنی ئەو ژن و پیاوە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو بنەماڵەكە بووە، دوای رووداوەكەش كەسیان نەچوون بۆ نەخۆشخانە، كەسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە، تەنانەت ئامادە نەبوون تەرمەكانیشیان بنێژن، خێرخوازێك بە راوێژ لەگەڵ چەند كەسێكی هەردوولا تەرمەكانی لە گۆڕستانێكی قەڵادزێ‌ ناشتن و هیچكام لە بنەماڵەكانیش پرسەیان دانەنا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە