ڤیدیۆ؛ راهێنەری یانەی قەڵادزێ: هیچ شتێک لەبارەی داهاتوومەوە نازانم

21-05-2025
سیڤەر بێستوون
هێمن عەبدولڕەحمان، راهێنەری یانەی قەڵادزێ
هێمن عەبدولڕەحمان، راهێنەری یانەی قەڵادزێ
نیشانەکردن هێمن عەبدولڕەحمان یانەی قەڵادزێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

راهێنەری یانەی قەڵادزێ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند کە هێشتا هیچ شتێک لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکەی نازانێت و گوتی "بەڕاستی نازانم لە قەڵادزێ دەمێنمەوە یان نا".
 
یانەی قەڵادزێ بەسەرکردایەتی هێمن عەبدولڕەحمانی راهێنەری بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکەکانی کوردستان و رایگەیاند "هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار بدەم لە یانەکە بەردەوام دەبم یان نا". 
 
دوێنێ سێشەممە لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵات بەسەر باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولی نایاب و پلە یەکەکاندا، یانەی قەڵادزێ نازناوی خولی پلەیەکەکانی کوردستانی بردەوە. 
 
هێمن عەبدولڕەحمان، راهێنەری یانەی قەڵادزێ بۆ رووداو گوتی "بەڕاستی نازانم لە قەڵادزێ دەمێنمەوە یان نا، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە خولی پلە یەک زۆر قورسترە لە نایاب ئێمە لەم وەرزەدا تەنیا یەک یارییمان دۆڕاند، بەڵام تاوەکو کۆتایی رکابەرییمان دەکرد بۆ ئەوەی نازناوەکە ببەینەوە و بگەینە خولی نایاب". 
 
ئەو راهێنەرە زیاتر گوتی "داوایەکم لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان هەیە، بەڕاستی پێویستە دوای تەواوبوونی خولەکان راستەوخۆ خەڵات بەسەر پاڵەوانان دابەش بکرێت نەک دوای ماوەیەکی زۆر، چونکە یاریزان ئەو رۆحیەتە و ئەو پەرۆشییەی نامێنێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان و لەوانەیە بەشێک لە یاریزانەکان یانەکە بەجێبهێڵن، پیشەگەرەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان". 
 
یانەی قەڵادزێ بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خولی پلە یەکەکانەوە گەیشتە پلە نایاب، کە لە کۆی 14 یارییدا 33 خاڵی کۆکردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە