دڵشاد مەعرووف ناوی نەزانیم، بەڵام رێگەی بردنەوەی زانی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن گواردیۆلا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یارییەکی دیکەی خولی نایابی کوردستان بوو، هەندرێن کە ماوەیەکی بەرچاوە پێشەنگە، میوانداریی قەڵادزێی دەکرد، تیپێک کە هەست بەمەترسیی دابەزین دەکات، هەربۆیە راهێنەری گۆڕیوە و ئەو گۆڕینەش، ئەوی کردبووە تیپێک، کەس نەتوانێ پێشبینی شێوازی یارییکردنی بکات.
 
کەشوهەوای هەولێر خۆشە، راستیت دەوێت، لە بەهارێک دەچێت کە زوو هاتووە، بەڵام ئەو زوو هاتنە مایەی دڵخۆشیی نییە، چونکە زوو هاتن، واتا زوو رۆیشتن و رۆیشتنی بەهار، واتای هاتنی هاوینێک کە پلە بەرزەکانی، هەمووان دەترسێنێت.
 
دەبوو یارییەکە لە 14:30 دەستپێبکات، من لە 13:40 گەیشتمە یاریگای هەندرێن، یەکەم کەس کە بینیم دڵشاد مەعرووفی راهێنەر بوو، لە دوورەوە سڵاوێکم لێکرد، وەک هەموو جاران بە گەرموگووڕی وەڵامی دامەوە، بەڵام وەک هەمیشە، ناوی نەزانیم و بۆخۆدەربازکردن لەو دۆخە، گوتی کاک ئەوە بەخێربێی.
 
دڵشاد وەک هەمیشە، بەر لە یارییەکان، سەرقاڵ دەردەکەوێت و مێشکی پەرتە. پەرتتر لەو، پیاوێكی کڵاوڕەشە. کەسێک کە لەسەر کورسییەک لە سوچێکی یاریگەدا دانیشتووە، بیردەکاتەوە لەوەی چی بکات.. ئەوە دارایە، راهێنەری قەڵادزی، دارا زۆر کراوەیە، بەرەو رووی چووم و پێمگوت، وەزعتان زۆر خراپ نییە، وەڵامی دامەوە، "زۆریش باش نییە".
 
گفتوگۆیەکی سەرپێیم لەگەڵ ئەو پیاوەداکرد کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، لەبری قەڵادزێ راهێنەری رانیە بوو، ئاراستەکە روونە، (قەڵادزێ زۆرباش ئامادە نییە).
 
یاریزانان هاتنە یاریگەوە و گێمی یەکەم دەستیپێکرد، سەیربوو، هەر لەسەرەتاوە یانزە یاریزانەکەی قەڵادزێ، بەپلانی دارا محەممەد کشانەوە و لەنیوە یاریگای خۆیاندا هەوڵی بەرگرتن لە هێرشەکانی هەندرێنیان دەدا.
 
پلانەکەی دارا نەیپێکا، هەندرێن تەنیا دوو یاریزانی لە پشتەوە مانەوە و بەهەموو قورسایی خۆیەوە چووە نێو نیوە یاریگای تیپی میوانەوە. لاسانا دیای کە ماوەیەکی زۆر نییە هاتووەتە هەندرێن و لە رۆژی یارییەکەدا بیستەم رۆژی لە هەولێر بەسەردەبات، هەرزوو گۆڵی یەکەمی هەندرێنی کرد، ئەوەی قەڵادزێ دەیویست بەرگریی لێبکات، هەمووی شێوا.
 
گوشارەکانی هەندرێن بەردەوامبوون و پاشەکشەی قەڵادزێش بەهەمان شێوە. هەندرێن هەلەکەی قۆستەوە و پێشانیدایەوە بۆچی بەجیاوازییەکی بەرچاو لە پێش هەموو رکابەرەکانیەتی. بەرلەوەی گێمەکە تەواو بێت، لاسانا گۆڵی دووەمی هەندرێنی تۆمارکرد.
 
رێنوێنیی هەردوو راهێنەر لە نێوان گێمەکاندا بۆ یاریزانەکانیان چی بوو؟ ئەوەیان نازانم، بەڵام کاتێک گێمی دووەم دەستیپێکردەوە، نە سووربوونی هەندرێن لەسەر سەرکەوتن کەمی کردبوو، نە بێویستیی قەڵادزێ بەرامبەر شکستەکە هیچی گۆڕابوو.
 
ئەگەر لە گێمی یەکەمدا هاوار و داواکارییەکانی دارا محەمەد لە یاریزانەکانی بەسەر کەشەکەدا زاڵبووبن، لە گێمی دووەمدا ئەوەش نەما و ئیدی پێدەچوو قەڵادزێ ویستی جەنگان لە پێناو هیچی نەمابێت، هەر بۆیە لاسانا لەم گێمەشدا گەڕایەوە بۆ تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم و یەکەم هاتریکی خۆی لە خولی نایابی کوردستان. 
 
لاسانا خۆی دروستکەری خۆشییەکانی هەندرێن بوو، بەڵام زۆر بەئاسانی تێکیدا، لە خولەکی 74دا بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و بریقەی سەرکەوتنەکەی کوشت.
 
چوونە دەرەوەی گۆڵکەرەکەی هەندرێن، هیچی لە دۆخی قەڵادزێ نەگۆڕی، لە خولەکی 80ی یارییەکەدا، سەرهەد حوسێن هەموو ترووسکاییەکی ئومێدی لە قەڵادزەییەکان بڕی. چوار گۆڵی بێبەرامبەر، ئەنجامی کۆتایی یارییەکە بوو لە بەرژەوەندیی هەندرێن.
 
یارییەکە تەواو بوو، لەگەڵ کامێرامانەکەم چووینە ژووری کۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەردوو راهێنەر، ویستی کنەکردن هانیدام بچمە نێو یاریگەوە، بەشوێن یەک کەسدا دەگەڕام، ئەو پاڵەوانەی کۆشکی خۆشییەکانی هەندرێنی بونیادنا، بەڵام رووخاندی، لاسانا دیای.
 
ئەو لەوسەری یاریگەوە بەبێتاقەتییەوە دەهات، چوومە بەردەمی لێم پرسی هەستەکە چۆن بوو؟ هاتریکێک و کارتێکی سوور؟ گوتی، "کارتە سوورەکەی وەرمگرت سەرودڵی گرتم، یەکەمجار بوو کارتی سوور وەربگرم". 
 
شرۆڤەکارەکان دەڵێن، ئەگەر گۆڵپارێزەکەت باشترینی یارییەکە بوو، کەواتە تۆ زۆر خراپ یارییت کردووە، بەڵام دارا کە دووەم یاریی بوو لەگەڵ قەڵادزێ دەربکەوێت، رەمەزانی کردە بەشێک لە بیانووەکانی شکستەکە دواتر گوتی، "لەکۆی 11 یاریزان تەنیا گۆڵپارێزمان باش بوو". ئیدی دیارە دۆخی قەڵادزێ لە یارییەکەدا چۆن بوو؟
 
ئێوارە بەهارییەکە، بەگەڕانەوەی قەڵادزەییەکان بۆ شارەکەی خۆیان کۆتایی هات، بەڵام بێگومان کەسیان لە رێگەی گەڕانەوەدا بەرەو ماڵەوە، بەوە دڵخۆش نابن کە تیپەکەیان چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام لە ژێرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە