رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای کرماشان داوادەکات چالاکییە کولتووری و ئایینییەکانی یارسانەکان سنووردارتر بکرێتەوە.
مستەفا عولەما، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کرماشان لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی کولتووریی پارێزگای کرماشان و نوێنەرانی وەزارەتی کولتووریی ئێران داوادەکات، رێگە نەدرێت لە شوێنە مێژووییەکان رێوڕەسمی کولتووری بەڕێوەبچێت.
نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کرماشان بە ئاماژەدان بە چالاکیی کولتووری و ئایینیی پێڕەوانی ئایینی یارسان لەو شارە دەڵێت، تەکیە و شوێنە مێژووییەکان شوێنی دروستکردنی تەموورە و دانانی قاوەخانە نین و نابێت تێیاندا ئەو جۆرە رێوڕەسمانە بەڕێوەبچن.
ئەو قسانە دوای ئەوە دێن کە بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووریی پارێزگای کرماشان لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پارێزگاکە لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێک لە تەکیەی موعاونولمولک گوتی، بەڕێوەبەری تەکیەکەیان لەسەر کار لابردووە و مۆڵەتی پێشانگایەکی پیشەسازیشیان لەو تەکیەیە هەڵوەشاندووەتەوە.
لەو پێشانگایە تەموورە دروستدەکرا، کە سازی ئایینیی پێڕەوانی ئایینی یارسانە. زۆربەی پێڕەوانی ئەو ئایینە نیشتەجێی پارێزگای کرماشانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ