رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا د. بەرهەم ساڵح تاکە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و دەکرێت گفتوگۆش لەسەر ئەو بابەتە بکرێت.
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی میکانیزمی دیاریکردنی بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند، "کاتێک دیارینەکراوە بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی کەسێک وەکو بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری بکەین؛ تاوەکو ئەم ساتەی قسە بۆ ئێوە دەکەم لەسەر بڕیاری هەڤاڵ بافڵ و هەڤاڵانی دیکە تاکە بەربژێری پێشنیازکراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵحە".
سەبارەت بەوەی کە پارتیش داوای پۆستی سەرۆککۆمار دەکات و پێیوایە موڵکی کەس نییە، رزگار حاجی حەمە گوتی، "ئێمە لە رابردوودا هەمیشە پێمان وابووە لێکتێگەیشتن و یەکڕیزی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر هەموو پۆستەکان هەبێت باشە؛ لە رابردوودا بە کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پۆستە لای یەکێتی بووە؛ هاوکات رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانی عێراقیشی لەسەر بووە، هەم لایەنی شیعی و هەم لایەنی سوننی".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەموو کورد یەکدەنگ بێت؛ لەگەڵ ئەوەداین یەکڕیز بین بۆ چوونمان بۆ بەغدا، بۆئەوەی نەک هەر لەسەر بابەتی پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی دیکە یەکدەنگ بین، نەک لە نێوان یەکێتی و پارتی بە تەنیا".
لە ئەگەری داواکردنی ئەو پۆستە لەلایەن پارتییەوە، رزگار حاجی حەمە پێیوایە "نەک تەنیا پارتی، هەموو لایەنەکانی دیکە مافی خۆیانە شوێنێک کە لە بەغدا گرنگ بێت، داوای بکەن، بەڵام ئێمە پێمان وایە بەپێی هەموو ئەو مەرجە سەرەکییانەی کە هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت کە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش پێیان باشە لای یەکێتی بێت؛ دەکرێت گفتوگۆ لەبارەی ئەوەش بکەین. بەشێکی باش لە لایەنە شیعەکان و سوننەکانیش پێیان باشە و پێیانوایە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، بەڵام لێکتێگەیشتنیش هەبێت؛ هەموومان بەیەکەوە یەکڕیز بین، ئومێدی ئەوەش دەخوازین ئێمە و پارتی و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەیەکەوە بە یەکڕیزی لە بەغدا کار بکەین".
سەبارەت بە کاتی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "بڕیارە کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی کاتەکەی دیارینەکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ