لە شارێکی ئەمریکا وەک نیشانەی دۆستایەتی لەگەڵ کورد پارکێک بەناوی کوردستان دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەک نیشانەی بەهێزی دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان و شاری زاخۆ، لە شاری مۆڕهێد لە ویلایەتی مێنسۆتا، پارکێک بەناوی کوردستان دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی شاری مۆڕهێد و ئەندامانی کۆنگرێسی ویلایەتی مێنسۆتا و رەوەندی کوردی، کۆنفرانسێکی تایبەت بە دۆستایەتی کوردستان و شاری مۆڕهێد بەڕێوەچوو.
 
لە کۆنفرانسەکەدا، شێڵی کارڵسن، سەرۆکشارەوانی مۆڕهێد لە گوتارێکیدا رایگەیاند بۆ رێزگرتن لە دۆستایەتی نێوان شاری مۆڕهێد و زاخۆ، یەکێک لە پارکەکانی شارەکە بەناوی کوردستان دەکەن. 
 
هاوکات، جیهان بریفکی، کوردێکی دانیشتووی ئەو شارەیە و لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو، بە رووداوی راگەیاند، ئامانج لە کۆنفرانسەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و شاری مۆڕهێد و ویلایەتی مێنسۆتایە. 
 
جیهان یەکێکە لەو کەسانەی هاوکاربووە لە رێکخستنی دۆستایەتی نێوان مۆڕهێد و زاخۆ و لە کۆنفرانسەکەشدا گوتارێکی پێشکێش کرد باسی لە گرنگی دۆستایەتی کورد و شاری مۆڕهێد کرد.
 
جیهان ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگی رابردوودا، لەگەڵ شاندێکی شاری مۆڕهێد سەردانی کوردستانیان کردووەو ئەم سەردانەش لەدوای ئەوەهات کە شارەکانی زاخۆ و مۆڕهێد لە تەممووزی ساڵی رابردوو، لە ویلایەتی مێنسۆتا یاداشتێکی دۆستایەتیان واژۆکرد و گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە رێورەسمەکەدا ئامادەبوو. 
 
شاری مۆڕهێد دەکەوێتە ویلایەتی مێنسۆتا لە ئەمریکا، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 46 هەزار کەس دەبێت و %8ی دانیشتوانی شارەکە کوردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە