رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە مانگی 12دا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی، هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، بازاڕ و فێستیڤاڵی جیاواز بۆ کریسمس و سەری ساڵ دەکرێنەوە. ئەمساڵیش یەکێک لە بازاڕەکانی کریسمس لە گراند ماجدی مۆڵ کراوەتەوە.
لە فێستیڤاڵەکەدا 100 خاوەنکار بەشدارن و خواردن، شیرینی و کاڵای جیاواز نمایش دەکەن؛ شەوانیش میوزیک و گۆرانی پێشکێش دەکرێن. بڕیارە فێستیڤاڵەکە تاوەکو سەری ساڵ بەردەوام بێت.
کارزان رەزاق، سەردانیکاری فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت، "بەڕاستی کەشێکی خۆشە و گۆڕینی کەشوهەوایە. هەموو ساڵێک ئەم فێستیڤاڵانە لە مانگی 12 دەکرێن؛ خۆشە، شتی جوان، شاز و تایبەت دەبینیت."
ئاکار فارس، سەردانیکارێکی فێستیڤاڵەکەیە و باس لەوە دەکات، "لەم فێستیڤاڵانەدا بەلای منەوە لە هەمووی خۆشتر ئەوانەیە کە خواردنی کوردەواری دروست دەکەن، دەستخۆشییان لێ دەکەم. لە هەموو خواردنەکان خۆشتر بۆ هەولێری 'دۆڵمە'ـیە، بەڵام ئێستا زستانە و سەروپێ خۆشە."
دیە ئەبوبەکر، یەکێکی دیکەیە لەوانەی بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە و باس لەوە دەکات، "زۆر زۆر خۆشە، چونکە هەم کەشێک دەگۆڕیت و هەم خواردنی جیاوازی لێیە. خواردنگە و شوێنەکان هەمووان لە نزیکەوە دەبینیت، خەڵکی تازە دەبینیت؛ بەکورتییەکەی کەشەکەی جیاوازە."
شەهێن عومەر، سەردانی فێستیڤاڵە تایبەتەکی کریسمی کردووە و ئاماژە بەوە دەدات، "فێستیڤاڵێکی زۆر خۆش و ناوازەیە. هیوادارین زوو زوو فێستیڤاڵی ئاوا بکرێت، چونکە پێویستە هەم بۆ گەنجان و هەم بۆ ئێمەش. زۆر خۆشبوو بەتایبەت کە هونەرمەندەکان هاتن و دیاری پێشکێش کرا، زۆر دڵخۆش بووین. مانگی 3 لای من تایبەتە، بەڵام بەگشتی زستانان زۆر خۆشە، ئەو بارانە و کەشێکی عاشقانە و خۆشە."
شلێر ئەحمەد، خاوەنکارە و باس لەوە دەژکات، "داپیرەم رووسییە و خەڵکی رووسیایە، لە منداڵییەوە ئێمە فێری خواردنی رووسی کراوین. ویستم ئەمجارە خواردنێک کە ناوی 'چیبۆرێک'ـە بە خەڵکی بناسێنم کە خواردنێکی زۆر خۆش و بەتامە."
عومەر سالار، خاوەنکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "یەکەم رۆژمان لەخوا بەزیادبێت باشبوو، وەک دەبینن خواردنەکانمان کەم ماوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ