رووداو- هەولێر
پێشتر ژیانێکی ئاسایی دەژیان و خاوەنی پیشەیەکی جێی متمانە بوون.. لەناکاو بڕیاریان دا دەستبەرداری ئەو ژیانە دووبارەیە ببن و بڕۆن بە بایسکڵ بە جیهاندا بگەڕێن. ئەوان بە دوای دیمەنە جوانەکانی جیهاندا دەگەڕان تا دواجار لە رۆژی 369یەمی گەشتەکەیاندا چەکدارانی داعش لە ناوچەیەکی چاوەڕاننەکراوی جیهاندا رێگەیان پێدەگرن و کۆتایى بە خۆیان و گەشتەکەیان دەهێنن.
جەی ئۆستن و لۆرین جیۆگێگنی خۆشەویستى، لە ساڵی 2012ەوە یەکدییان دەناسی، لە 2013 بۆ ماوەیەکی کورت کەوتبوونە داوی خۆشەویستییەوە، پاش ماوەیەک پەیوەندییان پچڕا، بەڵام لە 2015 جارێکی دیکە یەکتریان بینییەوە. ئەو کات خاڵی هاوبەشیان ئەوە بوو کە هەردووکیان دەرچووی زانکۆی جۆرج تاونی ئەمریکی بوون، بەڵام بەرە بەرە گەشت بوو بەو خاڵەی هەردوو گەنجە ئەمریکییەکە کۆبکاتەوە.
گەشتەکەی جەی و لۆرین لە تەمووزی 2017 لە ئەفریقاوە دەستیپێکرد و لەو کاتیشەوە دەستیان بە نووسینەوەی رۆژانەی خۆیان کرد لە بلۆگێکدا کە دوایین نووسینیان لە رۆژی 11ی تەمووزی 2018 لە قیرقیزستان نووسراوە. ئەمە رۆژی 359یەمی گەشتەکەیان بووە، لەوێ دوو کچی بە بسکی هۆنراوەوە دوو باوەش گوڵیان پێشکەش دەکەن. ئەم جۆرە هەست و سۆزە مرۆییانە بوو کە هانی دەدان سەختییەکانی گەشت پشتگوێ بخەن.
رۆژی 29ی تەمووز، دوو خۆشەویستە ئەمریکییەکە لەگەڵ گروپێک بایسکلسواری دیکە لە باشووری رۆژئاوای تاجیکستان یەکدەگرن. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، لەو رۆژەدا ئوتۆمبێلێکی جۆری دایوو بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕێ، پاشان گەڕابووەوە و پاسکیلسوارەکانی کردبوو بە ژێرەوە، دواتر سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە بە چەقۆ کەوتبوونە سەر لاشەی کەوتووەکان. لەو هێرشەدا جەی و لۆرین لەگەڵ دوو گەنجی سویسری و هۆڵەندی کوژران و دووی دیکەشیان بریندار بوون. دوو رۆژ دواتر داعش وێنەی پێنج گەنجی تاجیکی بە ئاڵایەکی رێکخراوەکەوە بڵاوکردەوە کە بەیعەت بە داعش دەدەن و گومان دەکرێ هێرشکارەکان بووبن.
کەمکردنەوەی خەرجییەکان و گەورەکردنەوەی جیهانی خۆت
دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆی جۆرج تاون، جەی لە (وەزارەتی نیشتەجێکردن و پەرەپێدانى شار) لە ئەمریکا دەستی بە کار کرد. ئەشڵی ئۆزەری، هاوڕێی منداڵیی جەی، لە لێدوانێکدا بۆ (نیویۆرک تایمز)، دەڵێت جەی بەو بڕوایە گەیشتبوو کە زۆر لەو شتانەی خەڵک دەیانکڕن پێویست نین، بۆیە بڕیاری دابوو بە کەمترین کەرەستە بژی. ساڵی 2012 بە دەستی خۆی خانوویەکی بچکۆلانەی دروستکرد کە هەموو رووبەرەکەی تەنیا 13 مەتر چوارگۆشە بوو.
خانووی بچووک و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ژیانی وایان کردبوو بە ئاسانی بتوانێ داوای مۆڵەتی بێمووچە بکات و بە ئەمریکا و ناوچەکانی دیکەی جیهاندا بسووڕێتەوە. ئۆزەری لەوبارەیەوە دەڵێ: "لە کۆتایی هەموو ساڵێک لە وەزارەتی نیشتەجێکردن دەتتوانی داوای مووچەی زیاتر یان مۆڵەتی زیاتر بکەی، جەی هەموو کاتێک داوای مۆڵەتی زیاتری دەکرد".
لۆرین، خەڵکی باشووری رۆژهەڵاتی کالیفۆرنیا، لە کاتی ناسینی جەی لە ئۆفیسی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆی جۆرج تاون کاری دەکرد. ئەویش هاوشێوەی جەی خولیای گەشتی لەسەردا بوو، هاوینێکی بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی لە لوبنان بەسەر بردبوو، کۆرسێکی زمانی ئیسپانیشی لە مەدرید وەرگرتبوو. ئەو تەماحە زۆرەی هاوڕێکەی بۆ گەشت لای ئەو شتێکی ناوازە بوو. وەکو هاوڕێکانی بۆ (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی باس دەکەن، جەی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیان و بیرکردنەوەی هاوڕێ و خۆشەویستەکەى دانابوو، لەوانەش وازهێنان لە گۆشتخواردن.
ئاماندا کیریگن، هاوڕێی نزیکی لۆرین، دەڵێ پلانی گەشتەکە لە 2016ەوە دانرابوو، ئەو ساڵە لۆرین لای ئاماندا باسی ئەوەی کردبوو کە بەنیازە واز لە پیشەکەی بهێنێ و بە بایسکڵ بە هەموو جیهاندا بگەڕێ. کیریگن دەڵێ: "لە دڵی خۆمدا گوتم ئەمە ئەو لۆرینە نییە کە من دەمناسی، جەی پرۆژەی ژیانی لۆرینی گۆڕیبوو".
لە رۆژی 14ی حوزەیرانی 2017، جەی پۆستێکی لەژێر ناونیشانی "ئەمڕۆ وازم لە پیشەکەم هێنا" نووسی، لەبەر ئەوەی گەشتەکە هی ئەوە نەبوو بە مۆڵەتی درێژکراوە بیکەن، بەڵام چەند مانگێک پێش وازهێنان دەستیان بە پاشەکەوتی پارە کردبوو. جەی لە نووسینی سەر بلۆگەکەیدا وەک پەشیمانییەک لەوەی کە ساڵانێکی زۆری لە ئۆفیسی کاردا بەسەر بردووە، دەڵێ: "ئەو هەمووە دیمەنەی خۆرئاوابوونم لە کیس چووە، چونکە پشتم لێی بووە، ئەو هەموو هەورە بریسکەیەم نەبینیوە و ئەو هەموو شنە فێنکەم بەرنەکەوتووە و بەسەرمدا تێپەڕیوە".
گەشتەکەی جەی و لۆرین لە رۆژی 22ی تەمووزی 2017 لە کیپ تاون لە ئەفریقای باشوور دەستیپێکرد. بڕینی ئەفریقا نزیکەى نۆ مانگ کاتی ویست. جەی زانیویەتی گەشت بە بایسکڵ مەترسیی زیاترە لە گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل، بەڵام هەر رێک لەبەر ئەمە بایسکڵی پێ باشتر بووە لە ئۆتۆمبێل، چونکە "ئەگەر لە مەترسیدا بی، بەخشندەییەکی زۆریشت بەسەردا دەبارێنرێ. خەڵکی باش هەست بەبێ دەرەتانی تۆ دەکەن و دەزانن پێویستت بە هاوکارییە".
ئامانجی گەشتەکە تەنیا بینینی ناوچە جیاجیاکانی جیهان نەبووە، بەڵکو بینینی هەست و سۆزی مرۆڤیش بووە لە فۆرمە هەرە سەرەتاییەکانی خۆیدا، وەکو چۆن لە مەغریب خێزانێک ژوورێک لە ماڵەکەی خۆیان دەدەن بەوان و بۆ رۆژی دواتر بە نان و خواردنەوە بەڕێیان دەکەن.
لۆرین و جەی لە مانگى نیساندا گەیشتبوونە ئەوروپا، نزیکەى نۆ مانگ گەشت بە سروشتی سەختی کیشوەری ئەفریقادا، تاقەتی لێبڕیبوون. لە یەکێک لە یاداشتە رۆژانەکانیان لە ئیسپانیا هاتووە: "تەواو بێدەرەتان و تەڕین و سەرماشمان بووە". لە فەرەنسا، گوێچکەی لۆرین هەوى کردبوو، هەردووکیان تووشی قوڕگئێشە بووبوون.
تاجیکستان دوایین وێستگەی گەشتەکەی لۆرین و جەی بوو، ئەوکات جەی بەوە گەیشتبوو کە جیهان و مرۆڤەکان بەشێوەیەکی گشتی چاکن، نزیکەی چوار مانگ پێش کوژرانی، جەی لە مەغریبەوە نووسی: "خراپ یەکێکە لەو چەمکانەی وامان لێکراوە بڕوات پێبکەین، لەکاتێکدا خۆمان دامانهێناوە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزیی ئەو مرۆڤانەدا بکەین کە بەها، بڕوا و روانگەیان لە هی ئێمە جیاوازە. بەشی زۆری مرۆڤەکان میهرەبانن، لە گەشتەکەماندا هیچ شتێکی لەوە گەورەترمان بۆ ئاشکرا نەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ