وەزارەتی نەوتی عێراق بەکارهێنانی دەستەواژەی کوردی لە گازی باکوور قەدەخەدەکات

15-08-2018
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

رووداو- هەولێر

پشکێنەری گشتیی وەزارەتی نەوتی عێراق بەکارهێنانی دەستەواژەی کوردی لە نووسراوەکانیاندا  لە کۆمپانیای گازی باکوور قەدەخەکات و هەڕەشەی سزادانی سەرپێچیکارانیش دەکات.

حەمدان عویجل راشد، پشکێنەری گشتیی لە وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوێکی بۆ کۆمپانیای گازی باکوور ناردووە، لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژە و زمانی کوردی لە نووسراوەکانیدا.

ئەو پێشکێنەرە لە نووسراوەکەیدا دەڵێت "زۆربەی ئەو نووسراوانەی کۆمپانیاکە رەوانەی کردووە دەستەواژی کوردی تیایاندا بەکارهاتووە، ئەوەش پێچەوانەی یاسای پاراستنی سەلامەتی زمانی عەرەبی ژمارە 64ی ساڵی 1968ـە و گشتاندن کراوە بۆ هەموو فەرمانگە کارگێڕییەکان لە 28/8/2017، کە پاڵپشت بوو بەنووسراوی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 17/8/2017ـەدا".

حەمدان عویجل راشد جەخت لەوەدەکاتەوە، پێویستە کۆمپانیای نەوتی باکوور پابەندبێت بەو یاسایە و دەبێت تەنیا زمانی عەرەبی بەکاربهێنێت، "پێچەوانەی ئەوە فەرمانبەرانی سەرپێچیکار بەپێی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە".

رێبوار تەها، کاندیدی دەرچووی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو نووسراوە نادەستووری و نایاساییە، چونکە بەپێی دەستوور زمانی کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا، زۆر ئاساییە و دەکرێت لەنێوان فەرمانگەکاندا نووسراو بە هەردوو زمانەکە بنووسرێت".

رێبوار تەها  جەختیکردەوە "بەدڵنیاییەوە رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر ئەو کارەی پێشکێنەری وەزارەتی نەوت دەگرینەبەر و قسەی جیدی لەسەر دەکەین. زمانی عەرەبیش بەو شێوەیە ناپارێزرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە