لە سێرت شاڵ و شەپکی کوردی لە لەنێوچوون رزگاردەکرێت

15-12-2021
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
 شاڵ و شەپک لە مەرەزی بزن دروستدەکرێت و بە 10 قۆناخی جیاوازدا تێپەڕدەبێت
شاڵ و شەپک لە مەرەزی بزن دروستدەکرێت و بە 10 قۆناخی جیاوازدا تێپەڕدەبێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جلی کوردیی شاڵ و شەپک لە پارێزگای سێرت لەڕێی پرۆژەیەکەوە زیندوو دەکرێتەوە، ئەمە دوای ئەوەی خەریک بوو شاڵ وشەپک لە ناوچەکە لەنێوبچێت. 
 
ساڵی 2010 ناوەندی کولتووریی شارۆچکەی ئەروحی سەر بە پارێزگای سێرت، خولێکی تایبەت بە دوورینی شاڵ و شەپک کرایەوە کە تێیدا شەش وەستا پێگەیێندران. ئێستا ئەو وەستایانە کاردەکەن و شاڵ و شەپک دەدوورن.
 
سەیفەدین چەلیک، بەڕێوەبەری ناوەندی کولتووریی ئەروح دەڵێت، "قوماشی شاڵ و شەپک 500 بۆ 600 ساڵ لەمەوبەر لەم ناوچەیەدا لەنێو ماڵەکاندا سازدەکرا. دوای ساڵانی 1980کان، ئیدی قوماشی شاڵ و شەپک بەرهەمنەدەهێندران. لە ساڵانی 90ـەکانەوە تاوەکو سەرەتای ساڵانی 2000 خەریک بوو بەتەواوی لەنێوبچێت. هەربۆیە لە ناوچەکەماندا لەپێناوی زیندووکردنەوەی هەوڵەکان چڕکراونەتەوە." 
 
شاڵ و شەپک لە مەرەزی بزن دروستدەکرێت و بە 10 قۆناخی جیاوازدا تێپەڕدەبێت، کارێکی ئاڵۆز و وردە. ئەو پۆشاکە لە دۆخی ئاساییدا ماوەی 30-40 ساڵ دەمێنێتەوە. کورد زیاتر لە جەژنەکانی نەورۆز و رۆژە تایبەتەکاندا شاڵ و شەپک دەپۆشن.
 
کەڕەم ئەردەمجی، بەرگدرووی شاڵ و شەپکە و دەڵێت، "شاڵ و شەپک لە رۆژە تایبەتەکاندا، لە زەماوەند و جەژندا لەبەردەکرێت. ئەمە هەموو کات لەبەرناکرێت، هەر بۆیە هەر بۆیە ماوەیەکی دوورودرێژ دەمێنێتەوە و وەکو قوماشەکانی دیکە نییە. پێویست بە شووشتنیش ناکات."
 
رۆژی 4-12-2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوژینەکەی ئەمینە ئەردۆغان هەردووکیان قوماشی شاڵ و شەپکیان بەکارهێنابوو بۆ ئەو جلەی کە لەبەریان کردبوو. ئەمینە ئەردۆغان پشتیوانیی خۆی بۆ شاڵ و شەپک نیشاندا و هیوای خواست ئەو بەرهەمە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە