رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەمعان بووە پارێزگاری کەرکووک و رێبوار تەها دەبێتە جێگری و گۆڕانکاریی دیکە لە ئیدارەی پارێزگاکە دەکرێت.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا (بێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی) بە زۆرینەی دەنگ وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، یاوز حەمید، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک لە پشکی تورکمان، پێش دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها پۆستەکەی بەجێهێشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پێشنیاز بۆ رێبوار تەها کراوە کە پۆستی جێگری پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، بەڵام هێشتا بە فەرمی روون نییە کە رەزامەندی لەسەر نیشان دەدات یان نا.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی بەرەی تورکمانی، زانیارییەکانی رووداوی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "رێککەوتنێکی لەو شێوەیە هەیە کە رێبوار تەها ببێتە جێگری پارێزگار."
بۆ پۆستە کارگێڕی و ئەمنییەکانی شارەکە، سێ بەربژێری کورد لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاریکراون، ئەمڕۆ پێنچشەممە، 16ـی نیسان، ئاڤێستا محەممەد بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندیی کەرکووک دیاریکرا لە جێگەی فەلاح یایچی.
ئەو دوو پۆستەی دیکە بەپێی رێکەوتنەکان جارێ دەنگی لەسەر نەدراوە، ئەوانیش بریتیین لە عەدنان حوسێن، بۆ پۆستی قایمقامی داقووق، نەشئەت شەهوێز، بۆ پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی، لە هۆتێل رەشیدی بەغدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرابوون.
لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (16 کورسی)، یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و مەسیحییەکان 1 کورسییان هەیە.
محەممەد سەمعان کێیە؟
لەدایکبووی ساڵی 1982ـە. لە ساڵی 2023 وەک بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کاری کردووە.
خاوەنی دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسە؛ یەکێکیان لە کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی تورکی و ئەوەی دیکەیان لە کۆلێژی زانست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ