پۆستی سەرۆکی زانکۆی چەرموو ئاڵوگۆڕ دەکرێت

16-06-2022
هێمن بابان رەحیم
د. سەڵاح رەزا، د. ئارام حەمەی مینا و د. هەڵەت رەشید
د. سەڵاح رەزا، د. ئارام حەمەی مینا و د. هەڵەت رەشید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، پۆستی سەرۆکی زانکۆی چەرموو ئاڵوگۆڕا کرا و دکتۆر هەڵەت رەشید، وەکو سەرۆکی نوێی زانکۆ دەستبەکاربوو، سەرۆکی نوێی زانکۆکە دەڵێت: "چاومان لەوەیە ئەو دەرفەتەی بۆمان رەخساوە بیکەینە دەرفەتی کار و خزمەت بۆ پێشخستنی زانکۆ و ناوچەکە."
 
رۆژی چوارشەممە، 15-6-2022، بە ئامادەبوونی د. ئارام حەمەی مینا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، قایمقامی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ناحیەکان، ئەنجوومەنی زانکۆ و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان لە قەزای چەمچەماڵ، ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی زانکۆی چەرموو کرا. لەو ئاڵوگۆڕەدا پرۆفیسۆر د. سەڵاح رەزا، سەرۆکی زانکۆی چەرموو دەستی لەکار هەڵگرت و دکتۆر هەڵەت رەشید، وەک سەرۆکی نوێی زانکۆ دەستبەکار بوو.
 
د. سەڵاح رەزا، سەرۆکی پێشووی زانکۆی چەرموو باسی لە مێژووی زانکۆکە لە قەزای چەمچەماڵ کرد و گوتی، سەرەڕای قەیرانەکان توانراوە بە توانایەکی کەمەوە ئەو بەشانەی پەیوەستن بە بازاڕی کارەوە لە زانکۆکە بکرێنەوە. د.سەڵاح سوپاسی ئیدارەی قەزای چەمچەماڵی کرد کە زۆر هاوکاری زانکۆ بوون لە پڕکردنەوەی کەموکورتییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان.
 
دواتر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتارێکی پێشکێشکرد و پشتیوانیی وەزارەتی بۆ قەزای چەمچەماڵ و زانکۆی چەرموو دووپاتکردەوە، هاوکات ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەکانی زانکۆ کرد کە لە ریزبەندیی زانکۆکاندا لە پێشەوەیە.
 
دکتۆر هەڵەت رەشید، سەرۆکی نوێی زانکۆی چەرموو لە گوتارێکدا باسی لە دەستبەکاربوونی کرد و رایگەیاند: "کار دەکەین بۆ ئەوەی زانکۆکە بکەینە ناوەندێکی زانستی و ئەو ژێرخانەی لە سەردەمی قەیراندا نەتوانرا بەباشی بنیات بنرێت بنیاتی بنێین و توانا زانستییەکان بۆ زانکۆکە کێش بکەین."
 
زانکۆی چەرموو دەکەوێتە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە 12-8-2014 دامەزراوە. زانکۆکە لە سێ کۆلێژ و سەنتەرێکی توێژینەوە پێکدێت. ئەوانیش کۆلێژی پەروەردە و زمان، کارگێڕیی گشتی و بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتی و زانستی کرداری و پزیشکییەکان. زیاتر لە 2 هەزار خوێندکار لە زانکۆکە دەخوێنن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە