سێ کەس هێرش دەکەنە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێ کەس لە کەرکووک بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر پەرستارێک دەستگیرکران و پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، "بە دەستێکی پۆڵایین" رووبەڕووی هەر کەسێک دەبنەوە کە هێرش دەکاتە سەر کارمەندانی تەندرووستی.
 
عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزی پاراستنی نەخۆشخانەی فێرکاریی کەرکووک درەنگانی شەوی رابردوو بە رێنمایی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە یەکێکیان ژن بوو. ئەو سێ کەسە هێرشیان کردبووە سەر کارمەندێکی تەندرووستی."
 
بە گوتەی عامر شوانی، ئەو سێ تۆمەتبارە لەنێو نەخۆشخانەکە و لە کاتی دەوامدا هێرشیان کردووەتە سەر پەرستارێک و لێیان داوە.
 
وەک گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، زوو هێزەکانی پۆلیس کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد و ئەو سێ کەسەیان دەستگیرکرد و رادەستی بنکەی پۆلیسی قۆرییەیان کردن.
 
عەقید عامر دەڵێت :"دادوەر بڕیاری دا بە راگرتنی هەر سێ تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی (230) لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە هێرشکردنە سەر فەرمانبەر لە کاتی ئەنجامدانی ئەرک."
 
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک باس لەوە دەکات، چاوپۆشی لەو کەسانە ناکەن کە "دەستدرێژی" دەکەنە سەر کارمەندانی تەندرووستی و دەڵێ، ئەو کەسانە"ئەرکێکی مرۆیی پیرۆز بۆ رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەریان بە دەستدرێژی بۆسەر شکۆی یاسا و ئاسایشی کۆمەڵگە دادەنرێ و بە تووندی رووبەڕووی هەر کەسێک دەبینەوە کە بیەوێ رێگری لە کارەکانیان بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نامۆ فازڵ و سەرۆک بارزانی.

سەرۆک بارزانی بۆ نامۆ فازڵ: جێگەی شانازی هەموو کورد و کوردستانی

یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی، گەنجی قارەمان و بەتوانای کورد (نامۆ فازڵ) دەکەم، بۆ ئەو سەرکەوتنە کەم وێنەیەی کە لە قارەمانەتیەکانی (MMA) لە ئەمەریکا بەدەستی هێنا. جێگای شانازی هەموو کورد و کوردستانە و دەستخۆشی لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشەنگبوونی بۆ دەخوازم".