رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری نەوجەوانێک بەناوی داریووش کە لە چاکسازیی نەوجەوانانی سلێمانی گیانی لەدەستدا، گومانیان لە مردنی کوڕەکەیان هەیە. پۆلیس، ئاسایش و وەزارەتی کاریش لەسەر کەیسەکە هاتوونەتە سەر هێڵ و بۆ ئەو مەبەستە سێ لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە.
پۆلیسی سلێمانی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2026 بە کەسوکاری داریووشیان گوتووە، کاژێر 03:00ی شەو کوڕەکەیان بەناوی خۆشتنەوە لە گەرماوی چاکسازیی نەوجەوانان بە جلوبەرگەکەی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
فەردین محەممەد، برای داریووش دەڵێت، "براکەم شەو پێیگوتم، بەیانی جلوبەرگ و خواردنم بۆ بهێنە، بەڵام لەبری ئەوەی من بچم بۆلای، ئەمبوڵانسێک تەرمەکەی بۆ ناردینەوە."
براکەی داریووش ئاماژە بەوەش دەکات، "براکەم لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، پێشتر لە جادەی کۆلێژەکە دەمانچەیان خستبووە سەر سەری، پەتەکەی ملی تەنیا بەشی پێشەوەی ملی بڕیوە، ئەگەر خۆخنکاندن بێت، دەبوو هەموو ملی بوایە."
لەسەر رووداوەکە پۆلیس، ئاسایشی سلێمانی و وەزارەتی کاریش، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە و راپۆرتی توێکاریی پزیشکیی دادییش رەوانەی دادگا کراوە.
شۆڕش کەمال، خاڵی داریووش دەڵێت، "کاژێر 03:00ی شەو کەی کاتی حەمامە؟ لە زیندان لە 12:00ی شەو تاوەکو بەیانی خۆشتن قەدەخەیە، لەو حەمامە ئەم پەتەی لە کوێ بوو؟ ئەو قوولاپە چۆن هەڵواسرا؟"
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە چاودێریی دەستەی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە و رەوانەی سلێمانی کراون بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ