رووداو دیجتاڵ
نرخی گازی شل (LPG)ـی بازرگانی لە بەشێکی هەرێمی کوردستان ئاسایی نەبووەتەوە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوبات، کارکردن لە کێڵگەی کۆرمۆ لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی وەستا. بەو هۆیەوە دابەشکردنی گازی ماڵان کەمبووەوە. 13ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای دانەگاز بە فەرمی بەرهەمهێنانەوەی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە.
دۆخی دابەشکردنی گاز لە باشووری کوردستان
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی گازی ماڵان ئاسایی بووەتەوە، بوتڵێک بە 8 هەزار و 500 دینار دەدەینە هاونیشتمانییان و قەرەباڵخی نەماوە".
لە دوای جەنگەوە پێدانی گاز بە نانەواخانە و فڕنەکانی هەولێر راگیرا. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان گوتی: "دڵنیاییان پێدەدەین، ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە گازیان پێنەگات، سەرەتای مانگی داهاتوو گازیان پێدەدرێتەوە".
بە گوتەی ئاری کاکەشین، بۆ پێدانەوەی گازی شل بە نانەواخانە و فڕنەکان کێشەی کەمییان نییە و سەرقاڵی رێکارێکن بۆ شێوازی پێگەیاندنی گازەکە پێیان.
هاوکات فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی گازی ماڵان ئاساییە. ئێستا هەموو ماڵێک پشکی خۆی وەردەگرێ و نۆرەگرتنی پێویست نییە".
لەبارەی نانەواخانەکانیشەوە قایمقامی سلێمانی گوتی: "دابەشکردنی گازمان بۆ ئەوانیش دەستپێکردووەتەوە و ئێستا گازیان پێدەدرێ".
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قەرەباڵخی نەماوە بۆ وەرگرتنی گازی ماڵان، بەڵام هێشتا کەمیی گازمان هەیە و بۆ وەرگرتنی بوتڵێک هاونیشتمانییان دەبێت پێشوەختە ناویان تۆماربکەن لای بریکارەکان".
قایمقامی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەرهێڵ دەبن بۆ پێدانی بڕی پێویستی گاز بۆ دانیشتووانی سنوورەکەیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دابەشکردنی گازی شل لە هەڵەبجە بۆ ماڵان و نانەواخانەکان ئاسایی بووەتەوە و نۆرەگرتن نەماوە.
مەروان عومەر، نوێنەری نانەواخانەکانی هەڵەبجە، رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پارێزگاری هەڵەبجە گازی بۆ دابینکردووین و ئێستا کێشەی دابینکردنی گازمان نەماوە".
لە دوای جەنگەوە نرخی نانیش بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە. نوێنەری نانەواخانەکانی هەڵەبجە گوتی: "نان پێشتر هەشتی هەزار دینار بوو، ئێستا شەشی هەزارە و نرخی ئاسایی نەبووەتەوە، چونکە هۆکار تەنیا سووتەمەنی نەبووە و هەموو شتێک نرخی بەرز بووەتەوە".
لەبارەی کەرکووکێشەوە، عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخەکە تەواو ئاساییە و بەگوێرەی کارتی ئەلیکترۆنی هەموو دانیشتووان گاز وەردەگرن بوتڵی بە شەش هەزار دینار".
نرخی گازی بازرگانی دوو هێندەی پێش جەنگە
هەرچەند کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی دەستپێکردووەتەوە و جەنگ لە ناوچەکە نەماوە، نرخی گازی شلی بازرگانی لە بەرزیدا ماوەتەوە و نرخی یەک لیتری دوو هێندەی پێش جەنگە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش جەنگ رۆژانە 300 تۆن گازی شل بۆ حکومی و بازرگانی دەگەیشتە هەولێر، ئێستا ناگاتە 100 تۆن".
جەنگی مەجید گوتی: "پێش جەنگ نرخی لیترێک گازی شل 450 دینار بوو، ئەمڕۆ 925 دینارە".
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: "ئێمە بەرپرس نین لە نرخی بازرگانی و بازاڕەکان چۆنە. ئێمە لە بەشە حکومییەکە بەرپرسین و نرخ وەکو خۆی ماوەتەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی: "پێش جەنگ لیترێک گاز 450 دینار بوو و بەشێکی زۆر ئۆتۆمبێل بەکاریان دەهێنا. ئێستا ئۆتۆمبێلی گازیش گەڕاوەتەوە بۆ بەنزین، چونکە نرخەکەی هەرزانترە".
لەبارەی نرخی بەنزینیشەوە جەنگی مەجید گوتی، جگە لە دابەشکردنی بەنزینی حکومی لیتری بە 750 دینار، بەنزینی بازرگانی لیتری لەنێوان 895 بۆ 930 دیناردایە.
دوای 40 رۆژ جەنگ، 40 رۆژ لەمەوبەر و لە 8ـی نیسانی 2026، ئاگربەست لەنێوان لایەنە شەڕەکەرەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران راگەیێندرا و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ