مۆنۆمێنتی بەردەقارەمان لە شوێنێکی مێژوویی و گەشتیارییەوە بووەتە شوێنێکی پەراوێزخراو

16-10-2022
هۆرڤان رەفعەت
مۆنۆمێنتی بەردەقارەمان لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک-سلێمانی. وێنە: رووداو
مۆنۆمێنتی بەردەقارەمان لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک-سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک-سلێمانی، پەیکەرێکی گەورەی مەلیک مەحموود و مۆنۆمێنتی داستانی بەردەقارەمان سەرنجی رێبواران رادەکێشت. لە ساڵی 2014ەوە ئەو مۆنۆمێنتە تەواو بووە، بەڵام تائێستا هاونیشتمانییان و گەشتیاران دەبێت هەر لە دوورەوە سەیری بکەن.
 
ئاوات کارمەندی مۆنۆمێنتەکەیە، خۆی و هاوڕێکانی شەو و رۆژ خزمەتی ئەو شوێنە داخراوە دەکەن. ئەو دەڵێت، "شوێنەکەمان بەفەرمی نەکراوەتەوە، چونکە ئەگەر خەڵک زۆر بکەینە ژوورەوە ئەوە شوێنەکە پیس دەبێت. هەر شتێکیش لێرە بێت دەبێت خۆمان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرین و خۆمان چاکی بکەینەوە، ئێمە تەنها پێنج کارمەندین، بەحساب ئێمە پاسەوانین کەچی هەموو کارەکانی ئێرە هەر لە باخەوانی و چاککردنەوە کەلوپەل و پاککردنەوە و خزمەتەوە هەمووی ئێمە دەیکەین".
 
هەشت ساڵ لەمەوبەر بڕیاربوو، بەردەقارەمان بکرێتە ناوەندی ئەنجامدانی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان و گرنگیی زیاتریش بەو سیمبولە نەتەوەییە بدرێت و ئەو ژوورانەش بکرێنە مۆزەخانە پڕ بکرێن لە ئەرشیفەکانی مەلیک مەحموود.
 
شێخ محەممەد کاوە حەفید، نەوەی مەلیک مەحموود بە رووداوی راگەیاند: "کۆنسوڵەکان و کەسایەتییە بیانییەکان کە دێنە کوردستان دەیانەوێت مێژوومان ببینن، حەز دەکەن بچن سەردانی ئەو مۆنۆمێنتەش بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بە نیوەناچاڵی کاری تیاکراوە و بەشێک لە کارەکانی تەواو نەکراون خەڵک ناتوانێت بچێت، ئێمە پێمان باشە حکومەت بەئەرکی خۆی هەستێت و بودجەیەکی بۆ دابین بکات و پێمان وانییە زۆریشی بوێت".
 
ساڵح قادر، بەڕێوبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەو مۆنۆمێنتە دەبێت بۆ خەڵکی تایبەتمەند بکرێتەوە، ئێمە بۆ خوێندکارەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان کێشەمان نییە و بۆ ئەوانی دەکەینەوە، بەڵام رێگە نادەین خەڵک بچێت بۆ سەیران و گەشت لەوێ بۆ ئەوەی هیچی لێنەیەت، پێویستە ئیدارەیەکی سەربەخۆی تێدابێت و پێویستیشە ژمارەیەک کارمەند و وەرگێڕی بۆ دابین بکرێت تاوەکو هاوکاریی هەر کەسێکی بیانی بکەن کە بچێتە ئەوێ".
 
بەپێی پلانی سەرەتای پڕۆژەکە، دەبوو دوای تەواوبوونی مۆنۆمێنتەکە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی شوێنەواری و گەشتیاری بۆ بەردەقارەمان بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەکرانەوەی مۆنۆمێنتەکە هێشتا بەردێک لەسەر بەردی ئەو پڕۆژانەی دیکەش دانەنراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە