رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتی دەستی بە ''گۆڕانکاریی جۆری'' لە ئۆرگانەکانیدا کردووە. هەروەها تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافل تاڵەبانی و گوتی: "رێککەوتن نەکراوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە."
ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی بافل جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە. کاروان گەزنەیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، حیزبەکەیان لەسەر بنەمای "سزا و پاداشت" دەستی بە گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانیدا کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی ئێستا خۆی بگونجێنێت.
گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان بۆ دوو ئامانجی سەرەکین؛ "خۆسازدان و نوێبوونەوە و دووبارە رێکخستنەوەی پەیکەری ئۆرگانەکان." باسی لەوەش کرد، "مەکتەبێکی نوێ بەناوی مەکتەبی کاروباری رێکخراوەیی و چەند بۆردێکی تایبەتمەند دامەزراون بۆ ئەوەی گەنجان، کەسوکاری شەهیدان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان ببنە لەپێشینەی کارەکانی یەکێتی."
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی رۆژی 11ی ئەم مانگەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد و گوتی، "کۆبوونەوەیەکی ئێجگار ئەرێنی بوو لە کەشێکی ئارامدا. هەرچەندە رێککەوتنی فەرمی واژۆ نەکراوە، بەڵام هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە نیشتمانییەکان."
گەزنەیی جەختی لەوە کردەوە، کاری لە پێشینەی ئێستای یەکێتی، "رزگارکردن و پاراستنی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی بژێوی خەڵکە، بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت بە رۆحێکی نوێ و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکان رووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکان ببینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ