رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆی ئەمریکا قسەیان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتنیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە: "لەگەڵ بەڕێز دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وزە و رۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزە کرد".
مەسرور بارزانی نووسیویەتی: "سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکام کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەم کرد".
هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی و دۆگ بورگوم "بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق لەژێر رۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد".
وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "وەزیری ناوخۆی ئەمریکا پێزانینی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ