گەنجێکی زاخۆیی لە دوو ساڵدا 500 کەو بەرهەمدەهێنێت

19-06-2022
یوسف موسا
لە زاخۆ گەنجێک لە دوو ساڵدا 500 کەو بەرهەمدەهێنێت
لە زاخۆ گەنجێک لە دوو ساڵدا 500 کەو بەرهەمدەهێنێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی زاخۆیی لەنێو ماڵەکەیدا هەڵهێنەرێکی داناوە و تێیدا کەو بەرهەمدەهێنێت، ئەو گەنجە زاخۆییە لەماوەی دوو ساڵ و شەش مانگدا، 500 کەوی بەرهەمهێناوە.
 
محەممەد خەلات، خاوەنی پڕۆژەکەیە و تەمەنی 22 ساڵە، ئەو لەو ماوەیەدا شارەزاییەکی باشی لەو کارە پەیداکردووە و دەڵێت: "هێلکەی کەو 24 رۆژ لەنێو ئامێرەکەدا دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا لە رۆژی دووەم تاوەکو رۆژی 18یەم، رۆژانە چوار بۆ پێنج جار هێلکەکە وەردەگێڕین، دوای ئەوە پلەی شێی بۆ زیاد دەکەین بۆ ئەوەی بێچووەکان بتوانن بێنە دەرەوە."
 
ئەو گەنجە زاخۆییە هێلکەی کەو لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، هەر جووتێک هێلکەش بە سێ هەزار دینار دەکڕێت.
 
لەتیف محەممەد قادر، بازرگانی هێلکەی کەو گوتی: "ئەم جۆرە هێلکەیە لە ئێران بەزۆری لە باکووری ئەو وڵاتە دەست دەکەوێت، لە کرماشانیش کەمێک هەیە، بەڵام لە ئەسفەهان، تەبرێز، چالووس، ئامۆل و بابۆل زۆرن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی زاخۆ ئەمجارە خۆیان لە پڕۆژەی گەنجەکە کردە خاوەن و ئەو کەوانەیان بردە چیای بێخێر لە دەشتی سلێڤانەیی و لەوێ ناردیانە نێو سرووشت کە ژمارەیان 94 بێچووی کەو بوون.
 
محەممەد خەلات باسی لەوەش کرد: "نزیکەی مانگێک لە هەڵهێنەرەکاندا بەخێومان کردن، رۆژانە دەرمان و ڤیتامینم پێداون بۆ ئەوەی بتوانن لە چیا خۆیان بەخێو بکەن."
 
بێوار ئەکرەم، بەڕێوەبەری ماڵی لاوان لە زاخۆ ئاماژەی بەوە کرد: "محەممەد دەنگی باڵندە لە چیاکانی ئێمە زیاد دەکات، بە تایبەت ئەو باڵندانەی کە لەنێوچوون یان کەمبوون، ئەو زیادیان دەکات، بۆیە ئەمجۆرە گەنجانە بۆ ئێمە زۆر گرنگن و بەڕاستی بەوانە دەڵێن دۆستی ژینگە."
 
ئەو جۆرە کەوەی کە محەممەد لەنێو ماڵەکەیدا بەرهەمیان دەهێنێت، بە کەوی چیاکانی هەرێمی کوردستان دەناسرێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە