رووداو دیجیتاڵ
رەیانی تەمەن 15 ساڵ کە تووشبووی تالاسیمیا بوو لە نەخۆشخانەی نانەکەلی خەوێندرابوو، دوای تێکچوونی باری تەندروستیی بۆ ماوەی 15 رۆژ گیانی لەدەستدا.
رەیان سەرکەوت، تووشبووی تالاسیمیا پێشتر بە رووداوی راگەیاند "15 شەوە لە نەخۆشخانەم، 20 بوتڵ زیاتر خوێنیان تێکردووم، هیچ سوودی نییە، من نامەوێت لەم تەمەنەدا بمرم، پێویستم بە یارمەتییە تکایە هاوکاریمان بکەن".
لە بنەماڵە نۆ کەسییەکەی رەیان چواریان تووشبووی تالاسیمیان، خوشکێکی لە ساڵی 2016 و لە تەمەنی 19 ساڵی کۆچی دوایی کرد و ئێستا ژیانی دوو خوشکی دیکەی لە مەترسیدایە.
سەرکەوت محەممەد، باوکی رەیان کە پێشمەرگەیە بە رووداوی گوت، توانای تێچووی خەستەخانەی ئەهلیی نەبووە تاوەکو بیبات و چارەسەری بکات، "لەبەر ئەوەی من پێشمەرگەم و مەعاشەکەم کەمە و پارەم نییە".
پێشتر باوکی رەیان بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە داوای لە خەڵک کرد و گوتی "پارەم ناوێت، تەنیا منداڵەکەم بۆ چارەسەر بکەن"، ئێستا دوو منداڵی دیکەشی هەمان نەخۆشییان هەیە و مەترسی لەسەر تەندروستییان هەیە.
هەروەها ئیخلاس شوکر، دایکی رەیان داوایکرد لە بەرپرسان و گوتی "دەستتان ماچ دەکەم یارمەتیمان بدەن ئەم منداڵانە بنێرینە دەرەوەی وڵات، بەخوا جەرگمان پارچە پارچە دەبێت بۆ ئەم منداڵانە".
لە ساڵی 2016 بڕیاردرا ساڵانە 100 تووشبووی تالاسیمیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانە وڵاتانی دیکە بکرێن کە بە چاندنی مۆخی ئێسک 90%یان چارەسەردەکرێن و ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان سێ بۆ 10 ساڵە و رێژەی ئاسنیان لە 3000 کەمتربێت 99% چاکدەبنەوە.
حەمید عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا لەبارەی تەندروستیی رەیانەوە گوتی "رێژەی ئاسنی 13 هەزارە و زۆر زۆر بەرزبووەتەوە، ئەو کەسانە ئێمە ناتوانین چاندنی ئێسکی مۆخیان بۆ بکەین، لە دەرەوەی وڵاتە، بەس چارەسەری خۆمان لێرە بەشێوەی دەرزی و حەبە".
لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار تووشبووی تالاسیمیا هەن کە 1200 تووشبوویان لە هەولێرن و تاوەکو ئێستا جگە لە سەنتەرێک هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان نەکراوە تاوەکو بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری بکرێن و چارەسەری پزیشکی وەربگرن.
ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیا ئاماژە بەوە دەکات "لەم سەنتەرە ئێمە بەس خوێن وەردەگرین و هەر نەخۆشێکمان لێرە رۆژانە باری تەندروستیی تێکبچێت، تەنانەت سەیارەیەکی تایبەت بە خۆمان نییە تاوەکو رەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکەی بکەین".
بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی 17ی ئەیلوول لەسەر پرسی تەندروستیی رەیان و خوشکەکانی بوو:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ