رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی دانیشتووی هەولێر لە رێگەی چوون بۆ عومرە، لە سنووری ئەنبار تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە.
ئۆتۆمبێلەکە 7 کەسی تێدا بووە و 6 کەسیان ئەندامی یەک خێزانن. لە رووداوەکەدا ژنێک گیانی لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بریندارن.
ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە ناوی خەولا خەلیل عوسمانە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "سەرەتا رێگری هەبوو لە رادەستکردنەوەی تەرمەکە، بەڵام دواتر پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەوە کرد و کێشەکە چارەسەرکرا و بڕیارە هەر ئەمشەو تەرمەکە بگاتەوە هەولێر".
باسی لەوەش کرد، تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە. بەگوتەی ستوونی، خێزانەکە خەڵکی پردێ و دانیشتووی هەولێرن.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوە کرد، ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە لەنزیک ناوچەی نوخێب خۆی بە ترێلەیەکدا کێشاوە.
سەلام محەممەد، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان بە رووداوی گوت: "خێزانەکە بە ئۆتۆمبێلێک پێکەوە چوون بۆ عومرە و منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیان برد. سوپاس بۆ خوا برینی ئەوانی دیکە سووکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ