رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای ئەرغەنیی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، هەورەبروسکە لە حەوشەی قوتابخانەی گوندێکی دا؛ بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و منداڵێکی دیکەش بەسەختی بریندار بوو.
رووداوەکە لە حەوشەی قوتابخانەی گوندی ریحانۆک رووی داوە. هەر سێ منداڵەکە، کە هەورەبروسکەکە لێی داون، خەڵکی گوندی "لەخەری"ـن و ئامۆزای یەکترین، تەمەنیشیان لەنێوان 14 بۆ 15 ساڵان دایە.
حوسێن یەشێڵ، ئامۆزای منداڵەکان، باسی ساتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "چوونەتە ژێر دارێک و هەورەبروسکە لێیانی داوە. هەر یەکەیان کوڕی برایەکمانن. کاتێک گەیێندرانە نەخۆشخانە، دووانیان گیانیان لەدەست دابوو، یەکێکیشیان لێرەیە و بریندارە."
هەروەها رەجەب یەشێڵ، یەکێکی دیکە لە ئامۆزاکان، ئاماژەی بەوە کرد کە منداڵەکان لە گوندی لەخەرییەوە چووبوون بۆ ریحانۆک و رووداوەکە لەوێ رووی داوە.
بەهۆی ئەوەی پشووی کۆتایی هەفتە بوو، دەرگەی قوتابخانەکان داخرابوون. کەسوکاری قوربانییەکان پێیان وایە ئەگەر دەوام هەبووایە، قەبارەی کارەساتەکە گەورەتر دەبوو. عەبدولکەریم یەشێڵ دەڵێت: "ئەگەر قوتابخانە کراوە بووایە، رەنگە کارەساتێکی گەورە رووی بدایە و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان گیانیان لەدەست بدایە."
شەنەر کینیک، خزمێکی دیکەی قوربانییەکان، هاوڕایە و دەڵێت: "ئەمە قەدەری خوایە، ئەگەر لە کاتی پشووی قوتابییان (تەنەفوس) دا بووایە، کارەساتەکە زۆر گەورەتر دەبوو."
ئێستا گوندنشینانی "لەخەری" لە لایەک لەبەردەم پەیمانگەی پزیشکیی دادوەری کۆ بوونەتەوە و لە لایەکی دیکەش دڵیان لای ئەو منداڵە بریندارەیە کە لە نەخۆشخانەیە. ئەوان دەڵێن: "دوو منداڵمان رۆیشتن، هیواخوازین لانیکەم ئەمەیان رزگاری بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ