رووداو دیجیتاڵ
تادێت کاریگەرییەکانی جەنگ زیاتر و زیاتر لە بازاڕ دەردەکەون؛ نرخی مریشکیش لێی بێ بەش نەبووە. خاوەنی پەلەوەرخانەیەکی هەولێر 12 هەزار مریشکی ئامادەن بۆ خستنە بازاڕ، بەڵام بە گوتەی خۆی، لە بری قازانج ناچارە بە زەرەر بیخاتە بازاڕەوە.
هۆشیار یەعقوب، خاوەن پەلەوەرخانە دەڵێت، "لەسەر ئێمە بە 2900 دینار هەر کیلۆیەک مریشک دەوەستێت، بەڵام ئێمە کیلۆی مریشک لێرە لەنێو پەلەوەرخانەکان بە 2750 دینار دەفرۆشین، بۆ هەر کیلۆیەک 100 بۆ 50 دینارمان زەرەرە و بە ناچاری دەیانفرۆشین."
پێش جەنگ کیلۆی مریشک بە 2,400 دینار بووە، بەڵام ئێستا لەنێو پەلەوەرخانەکان بە کۆ گەیشتووەتە 2,750 دینار، تاوەکو دەگاتە بازاڕ و دەستی کڕیار، کیلۆی دەبێتە 3000 دینار و زیاتریش.
زریان مستەفا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی هەولێر دەڵێت، "هۆکاری گرانبوونەکەی، ئالیک و سووتەمەنییە، کە وایکردووە نرخی مریشک گران ببێت. پێشتر ئێمە سووتەمەنی و ئالیکمان بە هەرزانتر دەهێنا، بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕەوە بە گران دەستمان دەکەوێت."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جگە لەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی مریشکی بەرز کردووەتەوە، بگرە هەندێک لە پەلەوەرخانەکانیش بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
بەپێی ئامارەکان، هەرچەندە بەرهەمهێنانی گوشتی مریشک لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە پێویستیی نێوخۆ، کە نزیکەی 250 هەزار تۆن دەبێت، بەڵام زۆریی خەرجیی بەرهەمهێنان رێگرە لە دابەزینی نرخ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ