کوردستان
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بە وەکالەت دەڵێت، پێشبینیی بورجەکان کاریگەریی نەرێنیی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیری بڵاوکردنەوەی پێشبینیی بورجەکان قەدەخە دەکات، بەپێی بڕیارەکەش نابێت پێشبینیی بورجەکان لە راگەیاندنەکان بڵاوبکرێتەوە.
شێروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بە وەکالەت میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو، دەڵێت، "لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتەوە نووسراوێک بۆ وەزارەت نێردراوە، کە بەرنامەکانی پێشبینیی بورجەکان لە کەناڵەکان کاریگەریی نێگەتیڤیان هەیە".
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بە وەکالەت ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمەش وەکو وەزارەت ژووری مۆنیتەری بۆ چاودێریکردنی کەناڵەکانمان هەیە، لە رێگەی ئەو ژوورەوە بڕیاری قەدەخەکردنمان بۆ ئەو جۆرە بەرنامانە دەرکرد، چونکە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی پێشبینیی بورجەکان، کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر کۆمەڵگە هەبووە، خوێندنەوەی بورجەکان بە ئاشکرا لە راگەیاندنەکان کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر تاک هەبووە، تەنانەت هەندێکجار خوێندنەوەی بورجەکان کێشەی دەروونیی بۆ تاک دروستکردووە، پێشبینیی بورجەکان لەنێو کۆمەڵگە بووەتە دیاردەیەکی نامۆ".
شێروان عەوڵا خورشید ئاماژە بەوەش دەکات، لەسەر سەرپێچییەکان لە کەناڵە راگەیاندنەکان چەند لایەنێک هەن دەتوانن داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری بکەن رێکاری پێویست بگرنەبەر، ئەوانیش بریتین لە دادگە، داواکاری گشتی، سەندیکای رۆژنامەوانیی کوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری.
رێبەر رۆستەم، شارەزا لە زانستی ئەسترۆلۆجی و وزە نەبینراوەکان دەڵێت، "لە مەبەستی دەرکردنی بڕیارەکە تێنەگەیشتووم، نازانم لیژنەی هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی رۆشنبیری کێن، پێشبینیم کردبوو حکومەت بەرنامەکەم رابگرێت، چونکە تاوەکو ئێستا وەزارەتی رۆشنبیری لە کارەکەم تێنەگەیشتووە، بەهۆی سەرکەوتوویی لە کارەکەم لە وڵاتی میسر دکتۆرای فەخریم وەرگرتووە".
رێبەر رۆستەم گوتیشی، "پێشبینیی بورجەکان حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا هەبووە، 102 هەزار کەس لە فەرەنسا کارەکەیان وەکو منە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ