وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەکردنی هەنگوین لە چوار وەرزی ساڵدا قەدەخەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بۆنەی رۆژی جیهانی هەنگ، کە 20ی ئایارە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە هەنگەوانان دەکات و دەڵێت، بایەخدان بەم سێکتەرە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی لە پێشەنگی بەرنامەکانیاندایە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت:"زیاتر لە 10 هەزار هەنگەوانمان هەیە".
 
رۆژی  چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ پشتگیریکردنی ئەوان و ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی هەنگوین لە دەرەوە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی گۆرانکاری کەشوهەوا، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و دەستڕەنگینیی هەنگەوانان، ئێستا کوردستان خاوەنی باشترین هەنگوینە و چەندین جار لە کێبڕکێ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پلەی پێشەنگی بەدەستهێناوە.
 
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، کار دەکەن بۆ "بە براندکردن، بەبازاڕکردن و تەنانەت بەپیشەسازیکردن و هەناردەکردنی هەنگوین." هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە بۆ پاراستنی ئەم پیشەیە، تەنیا هاوردەی هەنگوین نا، بەڵکو هاوردەکردنی (هەنگ)یش بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخە کراوە.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو کە لە 25-12-2025ـدا کردوویەتی؛ پوختەی ئاماری گشتیی کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان (2019 - 2024):
 
ساڵی 2019:
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 1,123,344 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 595,655 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,013 کەس
 
ساڵی 2020
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 546,896 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 613,652 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 10,513 کەس 
 
ساڵی 2021
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 852,261 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 592,815 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,131 کەس
 
ساڵی 2022
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 1,600,824 کیلۆگرام 
ژمارەی پوورەی هەنگ: 324,700 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 8,024 کەس
 
ساڵی 2023
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 810,900 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 303,080 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 8,635 کەس
 
ساڵی 2024
کۆی بەرهەمی هەنگوین: 647,775 کیلۆگرام
ژمارەی پوورەی هەنگ: 364,785 پوورە
ژمارەی هەنگەوانان: 9,343 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە