رووداو دیجیتاڵ
لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان، بە چەندین درۆن هێرشکرایە سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان تەنیا زیانی مادییان هەبووە.
شەوی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، ئەفسانە رەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی باشیکی سازمانی خەبات".
لەبارەی کاتی هێرشەکان، ئەفسانە رەحیمی گوتی، هێرشەکان لە کاژێر 10:10ی ئەمشەو دەستیانپێکرد و سێ جار کەمپەکە کرایە ئامانج." گوتیشی، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە و تەنیا زیانی مادییان لێکەوتووەتەوە.
ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە رووداوی گوت: "بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
لە سنووری پارێزگای سلێمانیش، کەمپی زرگوێزەڵە کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە، کرایە ئامانج.
عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 9:30ی ئەمشەو بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی زرگوێزەڵە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادیی لێ کەوتووەتەوە".
هەرچەندە ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام ئێران ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوای ئاگربەستەوە، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 80 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە.
بە گشتی لە 28ی شوباتی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی 741 هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ