دوای کوشتنی دایک و باوکی، گەنجێکی 20 ساڵانیشی کوشتووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
کوژراوەکە
کوژراوەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لاولاو نووری، وردەکاریی تاوانێک ئاشکرا دەکات کە تێیدا کوڕە گەنجەکەی لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا، لەلایەن دراوسێیەکیانەوە کوژراوە.
 
قوربانییەکە ناوی "نووری"یە، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان بووە (لەدایکبووی 26ی حوزەیرانی 2006). بە وتەی دایکی، نووری خوێندکارێکی ئارام و بێوەی بووە، نە کێشەی لەگەڵ کەس هەبووە و نە سەرئێشەی بۆ کەس دروست کردووە. دایکی دەڵێت: "من بۆ ئەو هەم دایک بووم و هەم باوک، چونکە باوکی پێشتر کۆچی دوایی کردبوو."
 
بکوژەکە دراوسێی خۆیان بووە. دایکی نووری ئاماژە بەوە دەکات کە سێ رۆژ پێش تاوانەکە، بکوژەکە چووەتە ماڵیان و داوای جگەرەی کردووە، بەڵام ئەو رێگەی پێ نەداوە بچێتە ژوورەوە بەهۆی ئەوەی منداڵەکانی خەوتبوون و نەیویستووە بترسن.
 
زانیارییە شۆکەکە ئەوەیە کە بکوژەکە پێشتر دایک و باوکی خۆی کوشتووە و تەرمەکانیانی لە ژێر بەتانی شاردووەتەوە. نووری (قوربانییەکە) بەم تاوانەی زانیبوو و بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە بچێتە بنکەی پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام بکوژەکە پێشوەختە پلان بۆ بێدەنگکردنی دادەنێت.
 
وردەکاریی رۆژی تاوانەکە
 
دایکی نووری بە گریانەوە باس لە چۆنیەتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "رۆژی شەممە، کاژێر 1:20ی پاشنیوەڕۆ، نووری رۆیشتبوو بۆ ماڵی مامی. بکوژەکە کە زانیبووی تەنیا نووری لە ماڵەوەیە، خۆی لە ناو ماڵەکەدا شاردبۆوە و بۆسەی بۆ دانابوو."
 
کاتێک نووری دەگەڕێتەوە ماڵەوە و خەریکی وانەخوێندن دەبێت، بکوژەکە لەناکاو هێرشی بۆ دەبات و فیشەکێک دەنێت بە مێشکییەوە. دایکی دەڵێت: "کە گەڕامەوە، دەرگا داخرابوو، هەرچیم کرد کەس نەیکردەوە. بە یارمەتی براکانم دەرگامان شکاند و بینیم کوڕەکەم لە ناو خوێنی خۆیدا دەگەوزێ و مێشکییان تەقاندووە، هەر لەسەر جێگای خوێندنەکەی کوژرابوو."
 
دەستگیرکردنی بکوژەکە
 
دایکی قوربانییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بکوژەکە دوای تاوانەکە نەیتوانیوە لە ماڵەکە بچێتە دەرەوە، چونکە دەرگاکە قفڵ ببوو و گیرسابووەوە. کاتێک پۆلیس و کەسوکاری قوربانییەکە دەچنە ژوورەوە، بکوژەکە لە ژووری نووستنەکەدا خۆی شاردبۆوە و برینێکی سووکی بە جەستەی خۆیەوە کردبوو تا وا نیشان بدات کە باری دەروونی جێگیر نییە یان لەژێر کاریگەری ماددەی بێهۆشکەردایە.
 
داواکاری دایکی قوربانییەکە
 
ئەم دایکە کە کوڕەکەی بەو شێوەیە لەدەستداوە، تەنیا یەک داواکاری هەیە و دەڵێت: "داوا لە حکومەت دەکەم مافی کوڕەکەم نەفەوتێت. کوڕی من بێتاوان بوو، تەنیا دەیویست راستییەکان ئاشکرا بکات. دەبێت بکوژەکە بە سزای دادپەروەرانەی خۆی بگات."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە