رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی باخداریی عێراق دەڵێ، ژمارەی دارخورماکانی وڵات لە ساڵی 2003ـەوە دوو هێندە زیادی کردووە و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەن ئەزموونی چاندنی دارخورما لە ناوچە گەرمەکانی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکەن.
رۆژی چوارشەممە، حاتەم کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی باخداریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2003دا ژمارەی دارخورماکانی عێراق نزیکەی 12 ملیۆن دار بوون، بەڵام لەسەر بنچینەی ئەو پلانەی داماننا، ئێستا ژمارەکە بۆ زیاتر لە 22 ملیۆن دارخورما بەرزبووەتەوە."
سەبارەت بە جۆری خورماکان و ئاستی هەناردە، حاتەم کەریم ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق خاوەنی زیاتر لە 600 جۆر خورمایە و جۆری (زەهدی) زۆرترینە. گوتیشی، "ساڵی رابردوو نزیکەی 650 هەزار تۆن خورمامان هەناردەی دەرەوە کرد و بۆ ئەم ساڵیش پلانمان هەیە ئەو بڕە زیاد بکەین."
"دەمانەوێ خورما لە هەرێمی کوردستانیش بچێنین"
بەڕێوەبەری فەرمانگەی باخداریی عێراق باسی لە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "دوای ئەوەی دوو دارستانی ئەزموونیی دارخورما لە کەرکووک و نەینەوا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پێمان باشە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەزموون لە ناوچە گەرمەکانی هەرێمی کوردستانیش تاقی بکەینەوە."
حاتەم کەریم لەبارەی بەرهەمی میوە دەڵێت، "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبارانی، بەرهەمی قەیسی و قۆخ لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام لە بەرامبەردا لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکە سەرکەوتوو بووین، بەجۆرێک هەناری هەڵەبجە گەیشتە ئەڵمانیا و پەتاتەی ناوخۆشمان هەناردەی وڵاتانی کەنداو کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ