رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە بە پۆشینی جلی سەربازییەوە لە سنووری ناحیەی رۆڤیا، فێڵی لە شۆفێرانی بارهەڵگر کردووە و پارەی لێ سەندوون.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، پۆلیسی ئاکرێ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی رۆڤیا (سەر بە بەشی پۆلیسی قەزای بەردەڕەش) لەلایەن چەندین هاووڵاتی ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی چەند حاڵەتێکی فێڵکردن و دزیکردن لە سنووری بنکەکەیان، ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، توانرا تۆمەتبارێک بە ناوی (ز. ب. ر) تەمەن 44 ساڵ دەستگیر بکرێت، کە جلی سەربازی پۆشیوە و بە مەبەستی فێڵکردن (خۆناساندن بە ناوی کەسایەتییەک یان پلەیەکەوە) لەژێر ئۆڤەرپاسی ناحیەی رۆڤیا بڕێک پارەی لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەستاند."
پۆلیسی ئاکرێ گوتی، ئەو کەسە کارمەندی هیچ دامودەزگایەک نییە و تەنیا هاونیشتمانییەکی ئاساییە. ئێستا تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی بەردەڕەش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزاکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ دا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ