رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە "پاڵاوگەیەکی قیر" لەسەر رێگەی گوێڕ کەوتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵکرا.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کاژێر 11:09خولەک ئاگادارکراینەوە لە روودانی ئاگرکەوتنەوەیەک لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی رێگەی گوێڕ. رووداوەکە لە کاتی بەتاڵکردنی تانکییەکی قیردا بوو کە بەهۆی زۆریی پەستانەوە تانکییەکە تەقی و ئاگری گرت."
شاخەوان سەعید گوتی، ئاگرەکە لە کەمتر لە نیو کاژێردا کۆنترۆڵ کرا و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
شاخەوان سەعید باسی لەوەش کرد، شەش تیمی بەرگریی شارستانی چوونە شوێنی رووداوەکە و گوتیشی: "خێرا گەیشتنی تیمەکانمان و هەوڵی کارمەندانی پاڵاوگەکە بە ئامێرەکانیان، هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە نەکات."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 300 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون. شاخەوان سەعید گوتی: "رووداوەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمیان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ