رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات، لە کاتی خۆیدا کۆنگرە دەبەستن. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوە کۆنگرەیەکی راگوزەرە و سەرەتای قۆناخێکی نوێیە بۆ حیزبەکەی.
رۆژی هەینی 22-09-2023، ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، گوتی ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات، کۆنگرە لە کاتی خۆیدا لە سلێمانی دەبەسترێت.
ئارێز عەبدوڵڵا رایگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنگرە دیاری دەکرێت، گوتیشی: ''بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی، ئەوانەی سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی کۆنگرە دەکەن، نابێ لەو کەسانە بن، کە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەربژێر دەکەن''.
بڕیارە 27ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لەژێر دروشمی ''نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا'' ببەسترێت. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەندامانی کۆنگرە 600 کەس دەبن کە ژمارەیەکی بەرچاویان ئافرەتن.
رۆژی پێنجشەممە کۆنفرانسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو و 260 کەس بە ئەندامی کۆنگرە هەڵبژێردران. بەگوتەی ئارێز عەبدوڵڵا، هەموو ئەوانەی کە پێشتر ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بوون، راستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها ئەوانەی ساڵانی 1976 تاوەکو 1977 بوونەتە پێشمەرگە، جگە لەوەش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە دەسەڵاتی خۆی 100 کەس بە ئەندامی کۆنگرە دەستنیشان دەکات، واتا 340 کەس بەبێ هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرە.
"سەرۆک جێگری نابێت"
سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی باس دەکرێن لە کۆنگرەدا بکرێن، لەوانە دانانی جێگر بۆ سەرۆکی یەکێتی، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "رەشنووسی پەیڕەوی نوێی حیزبەکە نووسراوە، بۆ نووسینەکەشی کەڵک لە پەیڕەوەکانی پێشوو وەرگیراوە. کۆنگرە بڕیار دەدات سەرۆکی یەکێتی جێگری هەبێت یان نا، بەڵام بەپێی رەشنووسەکە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێگری نابێت.''
ئارێز عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، سەرجەم ئەوانەی سەرکردایەتین و لە کۆنگرە دەرناچن، شوێنێکی دیکەیان بۆ دەدۆزرێتەوە و رێزیان لێ دەگیرێت، ''وا پێشنیاز کراوە سێ ئەنجوومەنمان هەبێت، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی گشتی یان ئەنجوومەنی ناوەندی و ئەنجوومەنێکی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی باڵا''.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی، ''کۆنگرەی یەکێتی کۆنگرەیەکی ئاسایی دەبێت، بەڵام لە قۆناخێکی راگوزەردایە، چونکە کۆنگرەی رابردوومان یەکەم کۆنگرەی دوای کۆچی مام جەلال [سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان] بوو، بۆیە ئێستاش ئەو کۆنگرەیە سەرەتای قۆناخێکی نوێیە''.
''بەرپرسانی سەربازی ناکرێنە ئەندامی سەرکردایەتی''
بەگوتەی ئارێز عەبدوڵڵا، ئەو کەسانەی کە ئێستا لە یەکێتیدا پۆستی سەربازییان هەیە، ناتوانن ببنە ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، واتا ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێر دەکەن، دەبێ بەر لە دەستپێکردنی کۆنگرە، دەستبەرداری پۆستە سەربازییەکانیان بن.
وەک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، راستەوخۆ دەبنە ئەندامی کۆنگرە و رێژەیەکیش بۆ وەزیرانی ئێستا و وەزیرانی پێشووی پشکی یەکێتی و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە.
''رێگری لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ستەمێکی گەورەیە''
رۆژی 18ـی ئەیلوول، بڕگەى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە خشتەى کۆبوونەوەکە لادرا. بڕگەکە بۆ کۆبوونەوەى 19ـی ئەیلوول دانەنرایەوە، بەو هۆیەوە کۆبوونەوەکە بۆ 21ـی ئەیلوول دواخرا، دواتر کۆبوونەوەى پەرلەمانی عێراق نەکرا و دەنگدان بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە راگیرا.
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت.
ئارێز عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەبەستی رازیکردنی لایەنە سیاسییەکان و دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، سەردانی بەغدای کردووە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، لە هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە بەردەوام دەبن و گوتیشی: ''رێگریکردن لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان."
''هەوڵی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەراورد بە رابردوو زیاترە''
لە کۆبوونەوەى 17ـی ئەیلوولی 2023ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى بۆ مانگەکانى ئەیلوول، تشرینى یەکەم و تشرینی دووەم، بنێرێت. ئەو بڕە پارەیە لە رێگەى بانکەکانى رافیدەین، رەشید و بازرگانیی عێراق دەنێردرێت.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە لە بەغداوە، بەزووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیە نەگەیشتووە.
ئارێز عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، "کێشەکانمان لەگەڵ عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون، بۆیە هەر کەسێک بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆی کار دەکات."
وەک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: ''بەراورد بە رابردوو، ئاڕاستەی سیاسیی عێراق بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و بچوککردنەوەی قەوارەکەی، ئێستا بەهێزترە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی خۆمان، قەیرانە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەرفەتێکی زیاتریان بەو لایەنانە داوە کە بۆ دروستکردنی گرفت بۆ هەرێمی کوردستان پێداگری زیاتر بکەن.''
ئارێز عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، "پلانی یەکێتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هاوڕیزی حیزبەکانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ