رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەهۆی مین و تەقەمەنییە جێماوەکانەوە، ئەم ساڵ 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 16ی دیکە بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، جەبار مستەفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی مین و تەقەمەنییە جێماوەکانەوە 28 کەس بوونەتە قوربانی و بەراورد بە پار، ژمارەی قوربانییان دوو ئەوەندە زیادی کردووە.
جەبار مستەفا هۆکاری زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی گەڕاندەوە بۆ "کەمتەرخەمی هاووڵاتییان و گوێ نەدان بە رێنماییەکانمان."
بەپێی ئەو ئامارانەی جەبار مستەفا خستیەڕوو، پارێزگای سلێمانی زۆرترین قوربانیانی تێدا تۆمارکراوە کە 16 قوربانییە (12 بریندار و 4 گیانلەدەستدان)، دوای ئەویش پارێزگای هەولێر دێت بە 10 قوربانی (4 بریندار و 6 گیانلەدەستدان)، هەروەها لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی گەرمیان لە هەر یەکەیان یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
سەبارەت بە رەگەز و تەمەنی قوربانییەکان، جەبار مستەفا گوتی: "زۆرینەی قوربانییەکان لە رەگەزی نێرن، بەجۆرێک 26 کەسیان پیاو و 2 کەسیان لە رەگەزی مێن. هەروەها 23 کەس لە قوربانییەکان تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە و 5 قوربانیش منداڵی خوار تەمەن 14 ساڵان."
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2024، 11 کەس بە تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە کە 7 بریندار و 4یان گیانیان لەدەست دابوو.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتی: "لە ساڵی 1992ـەوە تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 600 کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی."
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاککراونەتەوە.
تاوەکو ئێستا 2300 کیلۆمەتر لە خاکی عێراق بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە، نزیکەی 200 کیلۆمەتری دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ