رووداو دیجیتاڵ
قەزای عەنکاوە لە هەولێر، بە ئاهەنگ و یارییە ئاگریینەکان پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات. لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی کریسمسدا، زیاتر لە 23 هەزار کەس لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکەوە ناویان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن، کە بە یەکێک لە گەورەترین کەرنەڤاڵە مرۆیی و هونەرییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێت.
ئەم فێستیڤاڵە کە لە 20ی دیسەمبەرەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 3ی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت، بووەتە خاڵی کۆکەرەوەی کریستیانانی هەولێر، سلێمانی، کۆیە، موسڵ، بەغدا و تەنانەت ئاوارەکانی سووریاش. سلڤانا دڵشاد، بەشداربوویەکی فیستیڤاڵەکە، دەڵێت: "ئەمە دەرفەتێکی جوانە بۆ ئەوەی هەموو کریستیانەکان لە هەر شوێنێک بن، لێرە پێکەوە کۆببنەوە."
لە پاڵ ئاهەنگە هونەرییەکان کە تێیدا گرووپی جۆراوجۆر لە وڵاتانی عەرەبییەوە بەشدارن، زیاتر لە 50 خاوەنکار و فرۆشیار بەرهەمە دەستکرد و خواردنە ناوازەکانیان نمایش دەکەن. فرۆشیاران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی خۆشیی کەشەکە و پێشوازیی خەڵک، تەنانەت ئەگەر 24 کاژێریش کار بکەن هەست بە ماندووبوون ناکەن.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم فێستیڤاڵە هەوڵێکی خۆبەخشانەیە و حکومەت تەنیا لەڕووی ئەمنی و لۆجیستییەوە هاوکار بووە. گوتیشی: "ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئارامی دەژین و رۆژ بە رۆژ پێش دەکەون." فێستیڤاڵەکە پەیامێکی روونی پێکەوەژیانە و دەیسەلمێنێت کە کوردستان لانکەی پارێزراوی هەموو پێکهاتە ئایینییەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ