فاتیح سەنگاوی: دڵنیایی دەدەین کە ئەم پارە کۆکراوەیە تەنیا بۆ قەرەبووی زیانی هاووڵاتییان خەرج دەکرێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
فاتیح سەنگاوی، ئەندامی بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ
فاتیح سەنگاوی، ئەندامی بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فاتیح سەنگاوی، ئەندامی بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ دەڵێ، دابەشکردنی پارەی هاوکاری بەسەر ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە بەردەوامە؛ ئاماژەی بەوەش دەکات، ئەو پارەیە لەلایەن سەرمایەداران و خێرخوازانەوە کۆکراوەتەوە.
 
ئەمرۆ دووشەممە (22-12-2025)، فاتیح سەنگاوی، ئەندامی بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوی چەمچەماڵ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی شێوازی قەرەبوکردنەوەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و بە ئەندامێتی چەندین لایەنی پەیوەندیدار و نوێنەری رێکخراوەکان سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکەن.
 
د. فاتیح گوتی: "ئەو پارەیەی لەم ژمارە حیسابییەدا کۆکراوەتەوە، پارەی خەڵک و سەرمایەدارانە و حکومەت بەشدار نییە. ئەرکی حکومەتە کە پرد و رێگەوبان و ژێرخانە تێکچووەکان چاک بکاتەوە، بەڵام ئێمە وەک بۆردی چاودێری دڵنیایی دەدەین کە ئەم پارە کۆکراوەیە تەنیا بۆ قەرەبووی زیانی هاووڵاتییان خەرج دەکرێ."
 
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنەکە، فاتیح سەنگاوی گوتی، پڕۆسەکە بە چەند قۆناخێک بەڕێوەدەچێت:
 
قۆناخی یەکەم: شاری چەمچەماڵ.
 
قۆناخی دووەم: ناحیەکانی شۆڕش، تەکیە و ئاغجەلەر.
 
قۆناغی سێیەم: دووکان، شوێنە بازرگانییەکان و ئۆتۆمبێلەکان.
 
ئەمڕۆ زیانلێکەوتووان چەکی بانک وەردەگرن و پارەکە بە کاش وەردەگرن.
 
د. فاتیح ئاماژەی بەوەدا کە بڕی هاوکارییەکە بۆ هەمووان وەک یەک نییە، بەڵکو بەپێی قەبارەی زیانەکان دەگۆڕدرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکان پێشتر سەردانی ماڵەکانیان کردووە و کەلوپەلە زیانلێکەوتووەکانیان بەپێی نرخی بازاڕ تۆمار کردووە.
 
فاتیح سەنگاوی گوتی: "کەسی وا هەیە رەنگە 200 هەزار دیناری پێبدرێ؛ کەسی وا هەیە رەنگە زیانەکەی زۆر بووبێت و تاوەکو 20 ملیۆن دینار وەربگرێ."
 
د. فاتیح دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە ئەگەر هەر کەسێک هەست بکات ستەمی لێکراوە یان لەکاتی تۆمارکردندا لە ماڵ نەبووە، دەتوانێ سکاڵا بکات و لیژنەکە بەدواداچوونی بۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ هەمووان فەراهەم بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە