رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق پابەند دەکات. پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت: "دادگەی فیدراڵیی عێراق یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاندەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022 دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی کرد، کە لەلایەن ژمارەیەک خانەنشین و بەرپرسی رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانەوە لەسەر هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی تۆمار کرابوو.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی عێراق."
هەرێمی کوردستان کار بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 دەکات، لە کاتێکدا عێراق ئەو یاسای هەموارکردووەتەوە و کار بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 دەکات.
رۆژی 11-8-2022، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەکە لەبارەی یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 بە رووداوی گوت: "تانەمان لە یاساکە داوە، چونکە ئەو یاسایەی هەرێمی کوردستان لەسەری دەڕوات لە عێراق نەماوە. پێویست بوو ساڵی 2014 هەرێمی کوردستانیش کاری پێ نەکات و کار بەیاسای نوێ خانەنشینی بکرێت. لە هەردوو یاساکەدا لە سەرجەم مادەکانیان جیاوازی دەبینرێت."
لە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ى ساڵى 2006 کە لە هەرێمی کوردستان کارى پێدەکرێت، کەمترین مووچەى خانەنشینى نابێت لە 150 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام بەگوێرەى یاساى هەموارکراوى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 500 هەزار دینار کەمتر نییە.
وریا سەعدى ئەحمەد، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى کارکردن بە یاساى خانەنشینى 2006 لە عێراق رادەگیرێت کە پێویستە کار بە یاساى خانەشینى هەموارکراوى ساڵى 2014 بکرێت، کە ئەوەش پێویستى بەوەیە لە رێگەى پەرلەمانى کوردستانەوە بڕیارى جێبەجێکردنى بۆ دەربکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ