ئیسماعیل بێشکچی بۆ رووداو: گشتپرسی چەند زووتر ئەنجامبدرێت باشترە

24-04-2017
ناسر عەلی
سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی زانستی بەناوی ئیسماعیل بێشکچی لەنێو کەمپی زانکۆی دهۆک کرایەوە
سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی زانستی بەناوی ئیسماعیل بێشکچی لەنێو کەمپی زانکۆی دهۆک کرایەوە
نیشانەکردن ئیسماعیل بێشکچی
A+ A-

رووداو - دهۆک

ئیسماعیل بێشکچی، نووسه‌ر و كۆمه‌ڵناسی نێوداری تورك و دۆستی دێرینی كورد، لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی کە ئێستا گرنگترین رۆژەڤی ناوچەکەیە، بە رووداوی راگەیاند: دەم دەمی ریفراندۆمە، بەڕای من هەندێک درەنگیش کەوتووە، چەندی زووتر ئەنجامبدرێت و دەرفەت هەبێت، باشترە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانکۆی دهۆک، رۆژی دووشەممە 24-4-2017، سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی زانستی بەناوی ئیسماعیل بێشکچی لەنێو کەمپی هەمان زانکۆ کرایەوە.

د. موسڵیح دهۆکی، سەرۆكی زانکۆی دهۆک، لەبارەی کردنەوەی سەنتەرەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت بەردەوام رێز لە کەسانی وەکو بێشکچی بگیرێت، چونکە زۆر ماندوو بووە و قوربانی زۆری لەسەر کورد داوە. راشیگەیاند، دەستیان بە وەرگێڕانی کتێبەکانی بێشکچی کردووە لە زمانی تورکییەوە بۆ زمانی کوردی.

لە لێدوانێکی تایبەتیشدا پرۆفیسۆر ئیسماعیل بێشکچی لەبارەی گشتپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی بە رووداوی راگەیاند: دەم دەمی ریفراندۆمە، بەڕای من هەندێک درەنگیش کەوتووە، چەندی زووتر ئەنجامبدرێت و دەرفەت هەبێت، باشترە.

هەروەها گوتی: کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەتەوەیەکی مەزنە و زیاتر لە 50 ملیۆن دەبن، پێویستە لەنێو نەتەوەکانی جیهان جێگەی خۆی بگرێ و لە هەوڵدان بەردوام بێت. لە سەدەی رابردوودا کورد ئێش و ئازاری زۆریان چەشت، رووبەڕووی دابەشکاری و پارچەکردن بوونەوە، بەڵام بەڕای من  سەدەی 21 بۆ کورد ئەرێنیتر دەبێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش: لە رابردوودا ئەمریکا زۆرجار پشتی لە کورد کردووە، بەڕای تۆ ئەمجارەش پشتیوانییەکانی بۆ کورد رادەگرێ کە ئێستا لە باشوور و رۆژئاوا پشتیوانی لە کورد دەکات؟ بێشکچی گوتی: ئێستا رۆژەکە جیاوازە و وەکە ساڵی 1975 نییە کە کورد تێیدا دەژیان و ئێستا کورد گرنگن، پێویستە کورد بەردەوامی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بدەن. 

کۆمەڵناس ئیسماعیل بێشکچی، ساڵی 1939 لە ناوچەی ئیسکسلیپی سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی پارێزگار و نەتەوەپەرستی تورک لەدایک بووە و 17 ساڵی تەمەنی خۆی لە زینداندا بەسەربردووە. ئەو لە تورکیا بەوە ناسراوە بەردەوام بەرگری لە داوا رەواکانی گەلی کورد کردووە.

ساڵی 1962 کۆلێژی زانستی سیاسی زانکۆی ئەنقەرەی تەواوکردووە. کاتێک لە ئەلازیز لەسەر پۆستی قایمقام راهێنانی دەکرد، بۆ یەکەمجار تێکەڵ بە کورد بوو.

کاتێک لە کۆلێژی هونەر و ئەدەبی زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزەڕووم وەک یاریدەدەری مامۆستای کۆمەڵناسی کاری دەکرد، مامۆستایەکی هەمان کۆلێژ بەناوی ئۆرهان تورکدۆغان هەواڵی لێدا و تۆمەتی "پڕوپاگەندەی مارکسی و جوداخوازی" بۆ هەڵبەست، بۆیە بێشکچی لە سەردەمی کودەتای ساڵی 1971دا لە دادگاکانی رەوشی نائاساییدا دادگایی کرا.

لەوە بەدواوە پەیوەندی بە زانکۆوە نەما و رۆژانی زیندان دەستیان پێکرد، ساڵی 1974 لە زیندان دەرچوو، پاش ئەوە لەپای بۆچوونی لە بارەی پرسی کوردەوە دادگایی کرا.

بێشکچی تا ئێستا 36 کتێبی لەسەر گەشەپێدانی رۆهەڵات و مەسەلەی کورد نووسیون و لەلایەن چاپخانه‌ی (یورد)ەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام 32 دانەیان لە تورکیا قەدەخەن.

ئەگەرچی بێشکچی ساڵانێکی درێژ لە زینداندا مایەوە، بەڵام نە لە رای گشتی تورکیا و نە لە رۆژئاوا وەک ئەوەی شایەن بەوە، پشتیوانی لێ نەکرا.

لەم رۆژگارەدا باسکردنی پرسی کورد لەبەردەم یاساکانی تورکیادا تاوان نییە، بەڵام بەو هۆیەوە داوای 100 ساڵ زیندانیکردن بۆ بێشکچی کراوە و 17 ساڵی ژیانی لە زیندان بەسەر بردووە و لە تەمەنی 21 ساڵانەوە بە زیندان ئاشنا بووە.

بێشکچی ئێستا لە ئەنقەرە دەژی و بۆ چەندین رۆژنامه ‌و ماڵپەڕی جۆراوجۆری ئینتەرنێت دەنووسێت.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە