رووداو دیجیتاڵ
چاپی دووەمی پەرتووکی یادەوەرییەکانی ئیسماعیل بێشکچی، نووسهر و كۆمهڵناسی نێوداری تورك و دۆستی دێرینی كورد، بڵاوکرایەوە. پەرتووکەکە لە تورکییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. محەممەد عیزەدین، وەرگێڕی کتێبەکە رایگەیاند: دوای ماوەیەکی کورت لە بڵاوبوونەوەی چاپی یەکەمی، بە بەرگ و دیزاینێکی تازەوە چاپی دووەمی کتێبەکە بڵاوکرایەوە.
محەممەد عیزەدین وەرگێڕی پەرتووکی "یادەوەرییەکان"ـی ئیسماعیل بێشکچی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەرتووکەکە ساڵی 2021 بە تورکی بڵاوکرایەوە، دوای ئەوەی کرایە کوردیش، لە چاپی یەکەمیدا بە ئامادەبوونی بێشکچی بە خوێنەران ناسێندرا".
گوتیشی، چاپی دووەمی پەرتووکی یادەوەرییەکانی ئیسماعیل بێشکچی لەلایەن دەزگای فام چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشەکانی کوردستان بەردەستە.
فەرھاد پیرباڵ پێشەکی بۆ وەرگێڕانە کوردییەکەی ئەو پەرتووکە نووسیوە و چاپی یەکەمی پەرتووکەکە 660 لاپەڕە بوو، بەڵام چاپی دووەمی 672 لاپەڕەیە.
محەممەد عیزەدین لەبارەی نێوەڕۆکی کتێبەکەیەوە گوتی، پەرتووکەکە باس لە زۆر لایەنی تایبەتی ژیانی ئیسماعیل بێشکچی دەکات، ھەر لە ناسینی گەلی کوردەوە، تاوەکو ئەوەی لەسەر پرسی کورد چۆن دوو جار لە زانکۆ دەردەکرێت، زیندان دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێ و سزای ماددی و مەعنەوی دەدرێ، هەروەها سەرجەم پەرتووکەکانی چۆن چۆنی لە رێگای دادگەوە قەدەخە دەکرێن.
وەرگێڕی کتێبەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، "بێشکچی لەم پەرتووکەدا بە وردی باس لە ژیانی زانستیی خۆی دەکات کە چۆن لەلایەن نەتەوەگەراکانی تورک بەھۆی ئەوەی بەرگری لە گەلی کورد کردووە، زیاتر لە 100 ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و 17 ساڵیش لە بەندیخانە بووە."
محەمەد عزەدین جگە لە پەرتووکی یادەوەرییەکانی بێشکچی، کتێبی "بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر"، "مەکتووب بۆ ئەتاتورک"ـی جەلادەت عالی بەدرخان، "برینا ڕەش"ـی مووسا عەنتەر، "کورتەی ژیانم"ـی ئەکرەم جەمیل پاشا و "ژیانی مەلا سەعیدی کوردی" عەبدولڕەحمان نووڕسی و "تیرۆری دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"ـی ئیسماعیل بێشکچی و "هاواری من"ـی یاشار کەمالی کردووەتە کوردی ناوەند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ