رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوبوونی نوێژی تەراویح، لە تۆبزاوە شەڕ لەنێوان چەند کەسێک دروست دەبێت، لە کاتی هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەش، پێشمەرگەیەک بە گولـلە کوژرا.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە 25-2-2026 لە ناحیەی تۆبزاوای سەر بە قەزای خەبات روویداوە.
شایەتحاڵێک لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لە دەرەوەی مزگەوت و راستەوخۆ دوای نوێژی تەراویح بووە. دوو برا کە خەڵکی گوندی شەمشولەن، بەشەڕ هاتوون؛ لەو کاتەدا گەنجێک بە ناوی زوهێر مستەفا هەرکی دەچێتە نێوانیان بۆ نێوبژیوانی، بەڵام ئەو دوو برایە تەقە لە یەکدی دەکەن و گولـلەیەک بەر سەری زوهێر دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات.
شایەتحاڵەکە گوتیشی: "کاتێک یەکێک لە براکان بینیویەتی براکەی ئەو نێوبژیوانەی کوشتووە، دەستبەجێ تەقەی لە براکەی خۆی کردووە و کوشتوویەتی."
بەڵام ئیسلام تەمۆ، خاڵی زوهێر لەبارەی رووداوەکەی ئەمشەوی تۆبزاوە، بە رووداوی گوت: "ئەو کەسانە لە نوێژی تەراویح هاتوونەتە دەرەوە، کێشەیان لەگەڵ کەسێک هەبووە و ویستوویانە لێی بدەن. زوهێری خوشکەزام چووەتە نێوانیان بۆ ئەوەی نێوبژیوانییان بکات، بەڵام لە ئەنجامدا تەقە کراوە؛ یەکێک لە شەڕکەرەکان لەگەڵ زوهێری خوشکەزام کوژراون."
ئیسلام تەمۆ باسی لەوەش کرد کە زوهێر پێشمەرگە بووە و گوتی: "تەنیا چوار رۆژ بوو لە دەوام گەڕابووەوە."
زوهێر مستەفا هەرکی، ئەو گەنجەی لە رووداوەکەدا کوژرا، لەدایکبووی ساڵی 1992ـە، خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە (دوو کوڕ و دوو کچ).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ