بەرپرسیاری رەمەزان؛ شەکرە، چاو و گورچیلەکانی ژاکاو خەریکە لەکار دەخات و کچەکەشی بێ ناسنامەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
وێنەی ماڵباتەکە لەبەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)
وێنەی ماڵباتەکە لەبەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)
A+ A-
 
رووداو  دیجیتاڵ

ژاکاو رەسووڵ، ژنێکی تەمەن 39 ساڵانە و بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە، چاو و گورچیلەکانی بەرەو لەکارکەوتن دەچن. ئەو لە خانوویەکی کرێ و نالەباردا لەگەڵ کچە حەوت ساڵانەکەی دەژی، کە بەهۆی تۆمارنەکردنی گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە بێ ناسنامەیە و لە قوتابخانەش تەنیا وەک "گوێگر" وەردەگیرێت.
 
ژاکاو کە خەڵکی گوندی زەمزەمۆکە لە سنووری کەندێناوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی لە نەهامەتییەکانی ژیانی کرد و گوتی: "نەخۆشیی شەکرەی تووندم هەیە، لە چاو و گورچیلەمی داوە. بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە ناتوانم شوو بکەمەوە، چونکە کەس منی ناوێت و توانای کارکردنیشم نەماوە."
 
"خانووەکەمان پڕە لە جرج"
 
ئەو دایکە مانگانە تەنیا 100 هەزار دینار لە خێرخوازێک وەردەگرێت، کە 75 هەزاری دەداتە کرێی خانووەکەی لە گوندی باخەمرە لە سنووری دارەتووی هەولێر. سەبارەت بە دۆخی خانووەکەی دەڵێت: "خانووەکە زۆر ساردە و لە هەموو لایەکەوە ئاو دێتە خوارەوە، تەنانەت پڕیشە لە جرج. ئەم زستانەمان لە ژوورێکدا بەڕێکرد کە لەلایەک دانیشتبووین و لەلایەکی دیکەوە ئاو دەهاتە خوارەوە."
 
پێشتر ژاکاو بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، لەگەڵ کچەکەی قوتووی پێپسیی بەتاڵیان کۆدەکردەوە. ئەو دەڵێت: "دوو فەردە قوتووم کۆدەکردەوە و بە چوار هەزار دینار دەمفرۆشت، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریم بۆ قاچم کردووە، ناتوانم ئەو کارەش بکەم."
 
مەترسیی سەندنی منداڵەکەی
 
گەورەترین کێشەی ژاکاو، نەبوونی ناسنامەیە بۆ لەنجەی کچی. هاوسەری پێشووی ژاکاو بە 11 ساڵ زیندانیکردن حوکم دراوە، لەبەرئەوەی هاوسەرگیرییەکەیان لە دادگە تۆمار نەکراوە، کچەکەیان بە فەرمی تۆمار نەکراوە.
 
ژاکاو لەو بارەیەوە گوتی: "پارێزەر پێیگوتم دەبێت سەرەتا هاوسەرگیری لەگەڵ باوکی بکەیتەوە، ئینجا ناسنامە بۆ کچەکەت دەربهێنین و دواتر جیاببنەوە، بەڵام هاوژینی پێشووم رازی نییە و هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر لە زیندان بێتە دەرەوە، منداڵەکەم لێ دەستێنێت."
 
نیشتمان، خوشکی ژاکاو، لەبارەی دۆخی خوشکەکەیەوە بە رووداوی گوت: "دۆخی خوشکەکەم زۆر خراپە، زستانی ئەم ساڵی لەنێو ئاودا بەڕێکرد. ئێمە براکانمان کەمدەرامەتن و ناتوانن هاوکاریی بکەن."
 
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هاتە سەر خەت
 
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە دا. لانە خالید، لێپرسراوی بەشی پاراستنی منداڵان لە رێکخراوەکە لە کاتی بەرنامەکەدا رایگەیاند: "کەیسەکە وەردەگرین، بەڵام پرۆسەیەکی درێژخایەنە، چونکە دەبێت سەرەتا گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ دایک و باوکی بکرێت، ئینجا ناسنامە بۆ لەنجە دەربهێندرێت و دواتر کاری جیابوونەوەکە بکرێت. بۆ بژێویش بەپێی توانای رێکخراوەکەمان هاوکاریان دەبین."
 
خەونی لەنجە و قەرزاریی دایکی
 
لەنجە، کچی ژاکاو کە خەونی ئەوەیە لە داهاتوودا ببێتە مامۆستای بیرکاری، داوای جلوبەرگی کوردیی رەنگ پەمەیی و سووری بۆ جەژن کرد. دەستبەجێ خێرخوازێک لە رێگەی بەرنامەکەوە ئامادەیی دەربڕی دوو قات جلی کوردی بۆ لەنجە و جلێکیش بۆ دایکی دابین بکات.
 
ژاکاو کە ماوەی مانگێکە نەشتەرگەریی بۆ قاچی کردووە، بۆ هاتووچۆی نەخۆشخانە پشت بە تەکسییەک دەبەستێت و ماوەی دوو ساڵە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری کرێی هاتووچۆ قەرزارە.
 
لە کۆتاییدا ئەو دایکە نەخۆشە تاکە ئاواتی خۆی خستەڕوو و گوتی: "پێویستمان بە خانوویێکە بۆ ئەوەی کچەکەم تێیدا بخوێنێت، بچێتە قوتابخانە و چیدی خەمی هاتنی سەری مانگ و کرێی خانوومان نەمێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی سەرپێچی یەکێک لە چێشتخانەکان

لە کەرکووک چێشتخانەیەک داخرا؛ لەنێو بانیۆدا زەڵاتەی دروست کردبوو

لیژنەکانی چاودێریی تەندروستی لە کەرکووک، دوو چێشتخانە و شیرنەمەنییەکیان داخست و دووانی دیکەشیان سزادا. بەڕێوەبەری چاودێریی تەندروستیی شارەکەش ئاشکرای دەکات، یەکێک لە چێشتخانەکان بانیۆی حەمامی بۆ شوشتنی خواردن و ئامادەکردنی زەڵاتە بەکارهێناوە.