رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کردەوە.
رۆژی چوارشەممە (25-2-2026)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانیا کرد بە سەرۆکایەتیی جیزا ئەندریاس ڤۆن گەیر، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە دانیال کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە پێشخستنی پەیوەندییەکان کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی تیرۆر؛ هەردوولا جەختیان لە "پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا."
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، هەروەها هەوڵ و گفتوگۆکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ