رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگدا 38 کەس لە پارێزگاکە لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و 858 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بێهتاش خانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان رایگەیاند، "لە 10 مانگی رابردوودا 37 پیاو و یەک ژن، لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە."
بێهتاش خانی گوتی، "لەو ماوەیەدا 858 کەسی دیکەش بریندار بوون کە 833یان پیاو و 25یان ژن بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان روونیکردەوە، پار لە هەمان ماوەدا 38 کرێکار لە کاتی کارکردندا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە کە 37یان پیاو و یەکێکیان ژن بووە و ئامارەکە بۆ ئەمساڵیش نەگۆڕاوە.
بەگوتەی بێهتاش خانی، لە هەمان ماوەی پار 622 کرێکار بریندار بوون، کە 594 یان پیاو و 28یان ژن بوون.
دەشڵێت، لەو کرێکارانەی لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە، 27یان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، 5 کەس بەهۆی بەرکەوتنی تەنی قورس، 4 کەس بەهۆی شۆرتی کارەبا، 1 کەس بەهۆی سووتان، یەک کەس بەهۆی تەقینەوە و کەسێک بەهۆی بەرکەوتنی شتی دیکەوە بووە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری کرێکار لە کاتی کارکردندا دەمرن.
بەپێی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، دوو هەزار کرێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە و 26 هەزار و 548 کرێکاریش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ